تەندروستی عێراق بۆ رۆژی عاشوورا تیمی گەڕۆک دادەنێت
تەندروستی عێراق رێنمایی دەداتە بەشداربووانی عاشوورا

K24 - هەولێر:
تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بنکەی گەڕۆکیان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و رێگە سەرەکییەکان داناوە، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ کەسانەی بەشداری رێورەسمی عاشوورا دەکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تیمی تەندروستی و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە زۆرینەی ناوچەکان دانراون، هاوکات لە چەند ناوچەیەك، نەخۆشخانەی کاتی لە ژێر خێمەدا دانراوە بۆئەوەی هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە لە رێورەسمی عاشوورادا تەندروستییان تێکدەچێت.

وەزارەتی تەندروستی عێراق رێنمایی بەشداربووانی عاشوورا دەکات، کە بۆ خۆپاراستن لە کۆلێرا، ئاوی پاک بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن و گرنگی بە پاکوخاوێنی و دەست شتن بدەن و خواردنی سەردانەپۆشراو نەخۆن و کەلوپەلی کەسانی دیکە بەکارنەهێنن.

رۆژی دووشەممە، 10ـی موحەڕەمی ساڵی کۆچییە و بە عاشوورا ناسراوە، لەو رۆژەدا شیعەکانی عێراق و جیهان، یادی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی ئەبوتاڵیب دەکەنەوە و لە کەربەلا رێورەسمی ئایینی گەورە رێکدەخرێت و سەدان هەزار کەس بەشداری تێدا دەکەن.
