سه‌در جه‌خت له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له تویتێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بووه‌ته داواكارییه‌كی جه‌ماوه‌ری و سیاسی، ئالته‌رناتیڤێكی دیكه‌ی نییه.
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیوویه‌تی: پاڵپشت بن بۆ رزگاركردنی عێراق له گه‌نده‌ڵی، بۆ ئه‌وه‌ی رێگاكه راست بكه‌ینه‌وه.
سه‌در هه‌روه‌ها گوتی: "تا گه‌یشتن به داواكارییه‌كان، شۆڕشگێران له شۆڕش به‌رده‌وامن".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كاردانه‌وه‌كان له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری، ئه‌كادیمی، پیاوانی ئاینی، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و (سیاسییه‌كانی كورد، شیعه و سووننه)، ئه‌رێنین.
رۆژی 25ـی ته‌مموزی 2022، چوارچێوەی هەماهەنگی (محەمەد شیاع سوودانی) بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق كاندیدكرد، به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه 30ـی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2022، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در، دژی هه‌نگاوه‌كه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له شه‌قامی كۆمارییه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز به‌رێكه‌وتن و به‌ربه‌سته‌كانیان لابرد و دواتر چوونه ناو باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
مسته‌فا كازمی داوای له خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان كرد، ئارامی بپارێزن و دان به خۆیاندا بگرن.
دواتر محەمەد حه‌لبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه راگەیاند.
په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 6ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022) رایگه‌یاند، باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران راده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان كرایه‌وه.