حدكا راگەیاندراوێك لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی ئەمڕۆی رۆژھەڵاتی كوردستان بڵاو دەكاتەوە
"هێزەکانی رژێم هێرش و پەلاماری خۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردوە بەردەوامە".

K24 - ھەولێر
شوڕای نیزامیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سەر شەڕ وپێكدادانەكانی مەریوان و مەهاباد ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە، تێیدا رایگەیاندووە "هێزەکانی رژێم هێرش و پەلاماری خۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردوە بەردەوامە".
لەبارەی زیانی گیانی شەڕەكانی ئەمڕۆ حزبی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "پاش شەڕێکی قارەمانانە هێزی پێشمەرگە لە شوێنی شەڕەکە دەرباز بوون لە کوژراو و برینداری دوژمن هەواڵێک لە بەردەست نییە، بەداخەوە پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی کاک "شۆڕش منبەری" لەو بەرگرییە قارەمانانەدا شەهید بوو".
دەقی راگەیاندراوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران
لە درێژیی پێوەندیگرتنی پێشمەرگەکانی حیزب بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات هێزەکانی ڕێژیم هێرش و پەلاماری خۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردوە کە هەروا بەردەوامە.
لەو پێوەندییەدا بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە ناوچەی مەهاباد ڕۆژی هەینی 4ی پووشپەڕی 1395ی هەتاوی، (24/6/2016) کاتژمێر 4ی پاشنیوەرۆ لە کاتێکدا هێزێکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندەکانی "دوو چۆمان" ، "باگردان"، "حەسەن چەپ" و "بێنگوێن" لە حاڵی حەسانەوە بوون کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری هێزەی سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە پاش تێکهەڵچوونێکی نابەرابەر و چەند ساعەتە کە کوژران و بریندار بووونی ژمارەیەک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو، هێزی پێشمەرگە بە دوای شەڕێکی قارەمانانە شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بە سەلامەتی بە جێ هێشت.
بە پێی هەواڵێکی دیکە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی مەریوان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەوەی بە خەستی تۆپ و خمپارەباران کران سەرئەنجام سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەر 1395 (25/6/2016) ساعەتی 4 لە ناوچەی سەوڵاوە کەمینیان بۆ هێزێکی پێشمەرگە داناوە. پاش شەڕێکی قارەمانانە هێزی پێشمەرگە لە شوێنی شەڕەکە دەرباز بوون لە کوژراو و برینداری دوژمن هەواڵێک لە بەردەست نییە، بەداخەوە پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی کاک "شۆڕش منبەری" لەو بەرگرییە قارەمانانەدا شەهید بوو.
ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ شانازی بەردەوام بێ.
شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٥ی پووشپەڕی 1395ی هەتاوی
25ژوئەنی 2016ی زایینی