جیا له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در سبه‌ی هێزێكی دیكه‌ی سیاسی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن

خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی سه‌در له‌ به‌غدا.. فۆتۆ: AFP
خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی سه‌در له‌ به‌غدا.. فۆتۆ: AFP

K24 – هه‌ولێر:

سبه‌ی هێزێكی نوێی سیاسی له‌ عێراق، خۆپیشاندان له‌ ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ له‌ به‌غدا، له‌ دژی سیاسه‌تی پشكپشكێنه‌ و میلیشیاكان، سازده‌كه‌ن.

هێزی مه‌ده‌نی و دیموكراتی له‌ عێراق رایگه‌یاند، ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێك له‌ گۆڕه‌پانی فیرده‌وس له‌ ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی شاری به‌غدا، ده‌كه‌ن.

میدیا عێراقییه‌كان له زاری ئه‌و هێزه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 06:00ـى ئێواره‌ (دوای یه‌ك كاتژمێر له‌ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌ دژ بە یه‌كه‌كانی ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی)، سازده‌كرێت.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، خۆپیشاندانی هێزه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ دژی سیاسه‌تی پشكپشكێنه‌ و میلیشیاكان، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، بڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ینی 12ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022 هه‌ریه‌ك له‌ ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دوو خۆپیشاندانی جیاواز و دژبه‌یه‌ك له‌ شاری به‌غدا ئه‌نجامبده‌ن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ میدیاییه‌كان، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ چڕی له‌ سه‌ر رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وز بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و پردی سه‌ره‌كی گه‌یشتن به‌ ناوچه‌ی سه‌وزیان داخستووه‌.