ئه‌مڕۆ هه‌ینی سێ خۆپیشاندانی فراوان له عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 – هه‌ولێر:
بڕیاره ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌سه‌ر داوای لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی خۆپیشاندان له به‌غدا به‌ڕێوه‌بچێت، وه‌ك ئاماده‌كاریی بۆ رێگرتن له خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌كه، حكومه‌ت به‌ربه‌ستی له‌به‌رده‌م ئه‌و رێگایانه‌ی ده‌چنه‌وه سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز، درووستكردووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه میدیا عێراقییه‌كان له زاری هێزی مه‌ده‌نی و دیموكراتی له عێراق، بڵاویانكرده‌وه، به‌نیازن خۆپیشاندان له دژی سیاسه‌تی پشكپشكێنه و میلیشیاكان، له كاتژمێر 06:00ـى ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022، سازبكه‌ن.
هاوكات، له‌سه‌ر داوای "وه‌زیری سه‌در" وا بڕیاره ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی سه‌دریش كاتژمێر (05:00)ـی ئێواره له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق خۆپیشاندان بكه‌ن.
سه‌در داوایكردووه، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تا پێش كۆتایی هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، له رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌رییه‌وه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتبووی، دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، واده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌ستنیشان بكرێت.
ئه‌م داوایه‌ی سه‌در له سه‌رۆك كۆمار و ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری، دوای ئه‌وه دێت، كه پێشتر موقته‌دا سه‌در ره‌خنه‌ی له‌و دوو دامه‌زراوه‌یه گرتبوو.
به گوێره‌ی مادده‌ی 64 له ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، ته‌نیا دوو رێگه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستنیشانكراوه، ئه‌وانیش یه‌كه‌میان به ده‌نگدان له ناو ئه‌نجوومه‌نه‌كه و به ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌ها بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بدرێت، دووه‌میشیان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌ڵبژێردراو، داوا بكات و سه‌رۆك كۆمار ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات.
له به‌رامبه‌ردا، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌وه بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بدرێت.
نوری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاندبوو، هیچ رێگه‌یه‌ك نییه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته.