دوو كه‌س به‌تۆمه‌تی كوشتنی دوو خوشك ده‌ستگیركران
"دوو خووشكهكه دوای ژه‌هرخواردكردن سووتێنراون"
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڵاویكرده‌وه، دوو تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی "ئوم ره‌بیعیه‌ن" له نه‌ینه‌وا ده‌ستگیركراون، كه فێڵیان له دوو خوشك كردووه و پاره‌یه‌كی زۆریان لێوه‌رگرتوون، دواتر ئه‌و دوو خوشهكهیان كوشتووه.
ئاماژه به‌وه كراوه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی "ئوم ره‌بیعیه‌ن" به هاوكاری پۆلیسی "تلكێف" دوو تۆمه‌تباری ده‌ستگیركردووه، كه به‌یه‌كه‌وه پلانیان داناوه و دوو خوشكیان به‌یه‌كه‌وه كوشتووه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پۆلیسی "ئوم ره‌بیعیه‌ن"، یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌كان دانی به‌وه ناوه، خۆی كردووه‌ته پارێزه‌ر و فێڵی له‌و دوو خوشكه كردووه، پاره‌یه‌كی زۆری لێوه‌رگرتوون، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێداون، هاوسه‌ره‌كانیان له زیندان ئازاد بكات.
پۆلیسی "ئوم ره‌بیعیه‌ن" ئاشكرایكرد، دوای ئه‌وه‌ی دوو خوشكه‌كه داوای پاره‌كه‌ی خۆیان كردووه‌ته‌وه و سكاڵایان تۆماركردووه، ئه‌و كه‌سه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌ی رێككه‌وتووه و په‌یوه‌ندیان به دوو خوشكه‌كه كردووه و پێیانگوتوون، ده‌توانن بڕۆنه به‌غدا و له‌وێ هاوسه‌ره‌كانتان راده‌ستبكرێته‌وه.
ئاشكراشیكرد، دوو كه‌سه‌كه مادده‌ی ژه‌هریان له خواردن و خواردنه‌وه كردووه، دوای ئه‌وه‌ی دوو خوشكه‌كه ژه‌هرخواردكراون، له نزیك به‌نداوی مووسڵ به به‌رد له‌سه‌ریان دراوه، دواتر بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌یان بشارنه‌وه، ئاگریان له جه‌سته‌ی دوو خوشكه‌كه به‌رداوه و سووتاندوویانن.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی قوربانییه‌كان و ساتی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه ئاشكرا بكات، وێنه‌ی دوو خوشكه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام روخساریان دیار نییه، ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، تۆمه‌تباران راده‌ستی دادگاكراون.