گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان وڵاتێکی ئەوروپی و هەولێر دەکرێتەوە

هاووڵاتییان دەتوان لە هەولێرەوە راستەوخۆ گەشت بۆ چیک بکەن

دێمەنیکی رێوڕەسمەکە
دێمەنیکی رێوڕەسمەکە

K24 - هەولێر

کونسوڵخانەی وڵاتی چیک لە هەولێر رایگەیاند، لەمەودوا گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و پراگی پایتەختی چیک دەکرێتەوە.

کارێل کۆرتانێک کونسوڵی گشتی چیک لە هەولێر و لاوەند مەمووندی بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڵای ئەربیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری داهاتووەوە هەموو رۆژانی دووشەممە گەشتی ئاسمانی نێوان هەولێر و پراگ بەردەست دەبێت.

سەبارەت بە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڵای ئەربیل رایگەیاند، کونسوڵخانەی چیک لە هەولێر بڕیاریداوە ئاسانکاری بکرێت لە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر تەنیا بە ترانزێت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەیانتوانی سەردانی وڵاتی چیک بکەن، بەڵام دوای کردنەوەی ئەم هێڵە، لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن راستەوخۆ لە هەولێرەوە سەردانی پراگ بکەن.

چیک لە ناو لیستی وڵاتانی شینگنە، لە باشوورەوە لەگەڵ نەمسا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەڵمانیا، لە باکووری رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ پۆڵەندا و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سلۆڤاکیا هاوسنوورە.

پراگی پایتەختی کۆماری چیک یەکێکە لە خۆشترین شارەکانی ئەوروپا و گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە سەردانی دەکەن، ژمارەی دانیشتووانی کۆماری چیک نزیکەی ١١ ملیۆن کەسە.

Fly Erbil Advertisment