لە ناحیەی بامەڕنێ پەکەکە و تورکیا تۆپبارانی یه‌كدی ده‌كه‌ن

لە ناحیەی بامەڕنێ پەکەکە و تورکیا بۆردومانی یه‌كترده‌كه‌ن
لە ناحیەی بامەڕنێ پەکەکە و تورکیا بۆردومانی یه‌كترده‌كه‌ن

K24 – دهۆك:

ئێوارەی ئەمڕۆ پەکەکە چەند گولـله‌تۆپێکی ئاراستەی سەربازگەی بامەڕنێی ھێزەکانی تورکیا، لە سنووری قەزای ئامێدی، کرد.

ھاووڵاتییه‌ک کە لەو کاتەدا کەمتر لە کیلۆمەترێک لە ناو رەزەکەیدا لە نزیک سەربازگەکەوه‌ دووربوو، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ خۆرئاوابوون، چەکدارانی پەکەکە بەچەند گولـله‌تۆپێک ھێرشی سەربازگەی بامەڕنێیان کرد، کە بە قسەی خۆی پێدەچێت یەکەم گولـله بە چەکی میلان كرابێت.

سەرچاوەکە ھەروەھا راشیگەیاند، دوای ھێرشەکە، تۆپخانەکانی تورکیا لەناو سەربازگەی بامەڕنێ وەڵامی ھێرشەکەی پەکەکەیان داوەتەوە و تائێستا ھەشت گولـله‌تۆپ له‌ شارۆچکەی بامەڕنێوه‌ ئاراستەی چیای مەتینا کراوه‌.

ئەمە جاری یەکەم نییە پەکەکە لەو شوێنەوه‌ ھێرشبكاته‌سه‌ر سەربازگەی بامەڕنێ، بەڵکو لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ئەمه‌ سێیەم جارە لەو ناوچەیەدا ھێرش بكرێته‌سه‌ر سەربازگەی تورکیا، بێ ئەوەی بزانرێت کە ھێرش و بۆردوومانەکان زیانیان به‌ سەربازەکانی ناو سەربازگەكه‌ گه‌یاندووه‌ یاخوود نا.

ئەم ھێرشانه‌ ھاووڵاتیانی ناوچەکەی بێزارکردووە و بووه‌ته‌ ھۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس لە نێویاندا، بۆیه‌ داوا لە ھەردوو لا دەكرێت شەڕەکەی خۆیان لەو ناوچانه‌دا دووربخه‌نه‌وه‌.