رووسیا هێرشی سایبەری بۆسه‌ر پێگه ئه‌تۆمییه‌كانی ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد

K24 – هەولێر:
کۆمپانیای وزەی ناووکی ئۆکرانیا (ئینێرگۆتۆم)، لە بەیاننامەیەکدا ئاشكرایكرد، له‌لایه‌ن رووسیاوه ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان كه‌تووه‌ته‌به‌ر هێرشێكی سایبەری بێوێنە.
كۆمپانیای ئینێرگۆتۆم لە لاپه‌ڕی فه‌رمی خۆی له تێلیگرام نووسیوویەتی: "لە 16ـی ئاب/ئۆگێستی 2022، لەوه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئۆكرانیاوه، بەهێزترین هێرشی سایبەری كراوه‌ته‌سه‌ر سایتی فه‌رمیمان".
ئاماژە بەوەش دراوه، هێرشه‌كه کاریگەری بۆ سه‌ر كۆمپانیای وزه‌ی ناووكی ئۆكرانی نه‌بووه.
ئەوەشی گوت: "لە خاکی رووسیاوە هێرشه‌كه بۆ سەر ماڵپه‌ره‌كه كراوه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی، رایگه‌یاند، رووسیا بووه‌ته هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌باره‌ی وێستگه‌ی ناووكی زاپۆریژیا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مۆسكۆ له دژی كیێڤ وه‌ك قه‌ڵغان به‌كاری ده‌هێنێت.
هۆشدارییش دراوه له ئه‌گه‌ری دزه‌كردنی تیشكه ناووكییه‌كانی ئه‌م وێستگه‌یه، كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ئه‌وروپا و جیهان به گشتی.
سه‌رۆكی كۆمپانیا حكومییه‌كانی تایبه‌ت به وێستگه ناووكییه‌كانی ئۆكرانیا، دووباره سوپای رووسیای به‌وه تۆمه‌تباركرد، كه چه‌ندین تۆپهاوێژیان له نزیك بنكه‌ی ناوكیی زاپۆریژیا بڵاوه‌پێكردووه.
شه‌ڕی ئۆكرانیا له (24ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)ـه‌وه ده‌ستیپێكرد و له ده‌ستپێكی شه‌ڕدا رووسیا تا نزیك كیێڤی پایته‌خت پێشڕه‌ویكرد و تا ئێستاش له زۆربه‌ی به‌شه‌كانی ئه‌م وڵاته شه‌ڕ به‌رده‌وامه.