ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق راگه‌یه‌ندرا
ره‌وتی سه‌در به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌كرد

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی هێزه سیاسییه عێراقییه‌كان، به بێ به‌شداری نوێنه‌رانی ره‌وتی سه‌در كۆبوونه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌ر داوای مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له بینای حكومه‌ت به‌ڕێوه‌چوو.
ئامانجی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه، وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوی مسته‌فا كازمی، ئاماژه‌ی پێكرابوو، دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌یه‌ك بوو بۆ دۆخی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی له عێراقدا.
نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، جێنین پلاسخارت، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌مڕۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه و لایه‌نه سیاسییه‌كان چه‌ند خاڵێكیان تاوتوێكرد و هه‌مووان له‌سه‌ری یه‌كده‌نگ بوون.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا پوخته‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی لایه‌نه‌كان كۆده‌نگ بوون له باره‌یانه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه خاڵهكانن:
یه‌كه‌م: لایه‌نه به‌شداربووه‌كان پابه‌ندبوونیان به نه‌گۆڕه نیشتمانییه‌كان ده‌ربڕی. هه‌روه‌ها كۆك بوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كان، له رێگه‌ی گفتوگۆ و پشتبه‌ستن به گیانی برایه‌تی و پارێزگاری له یه‌كپارچه‌یی عێراق و ئاسایشی گه‌له‌كه‌ی و سه‌قامگیری وڵات. هه‌روه‌ها كۆده‌نگ بوون له‌سه‌ر درێژه‌دان به سیستمی دیموكراسی ده‌ستووریی، كه هه‌مووان داخوازی ده‌كه‌ن و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی و كاركردن به گیانی هاوكاری له نێوان هه‌موو رۆڵه‌كانی نیشتماندا، بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئێستای سیاسی له وڵات‌دا.
دووه‌م: به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كرد كه جارێكی دیكه په‌نا بردنه به‌ر بۆ ده‌نگدان له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه رووداوێكی نائاسایی نییه له مێژووی ئه‌زموونه دیموكراسییه‌كاندا كاتێك قه‌یرانه سیاسییه‌كان ده‌گه‌نه بنبه‌ست، و هێزه سیاسییه نیشتمانییه‌كان په‌نا بۆ رێڕه‌وی ده‌ستووریی و هه‌ڵبژاردن ده‌به‌ن.
سێیه‌م: به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه داوایان له برایانی ره‌وتی سه‌در كرد، كه به‌شداری له گفتوگۆی نیشتمانی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئالیه‌تی چاره‌سه‌رێكی هه‌مه‌لایه‌ن دابنرێت، به جۆرێك له خزمه‌تی ئاوات و خواسته‌كانی گه‌لی عێراق و گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی بێت.
چواره‌م: بەشداربووان لەسەر بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانی رێککەوتن؛ بەمەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگای یاسایی و دەستووری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستا.
پێنجه‌م: به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه داوایان كرد، هه‌موو گرژییه مه‌یدانی، میدیایی و سیاسییه‌كان رابگیرێن و جه‌ختیشیان له‌سه‌ر پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و گه‌ڕانه‌وه بۆ گفتوگۆی ئارام و دوور له وروژاندن و هه‌راسانكردنی یه‌كدی كرده‌وه، كه له رێگه‌یانه‌وه پشێوی و دووبه‌ره‌كی درووست ده‌بێت.
هه‌روه‌ها به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه داوایان له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ده‌سته‌بژێری عێراقی كرد، پشتگیری لە رێڕه‌وی گفتوگۆی نیشتمانی بكه‌ن له پێناو خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی عێراقدا.