توركیا و ئیسرائیل لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه
حه‌ماس دژی بڕیاره‌كه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
یائیر لابید، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به ته‌واوی له‌گه‌ڵ توركیا راگه‌یاند و بڕیاره هه‌ردوولا باڵیۆز و قونسوڵه گشتییه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ پایته‌ختی هه‌ردوو وڵات.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا، ده‌ستكه‌وتێكی گرنگه بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه و هه‌واڵێكی گرنگی ئابوورییه بۆ ئیسرائیلییه‌كان.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، له ئه‌نقه‌ره‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه كرده‌وه و رایگه‌یاند، "توركیا ده‌ستبه‌رداری مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین نابێت".
دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2018، توركیا باڵیۆزی خۆی له ئیسرائیل كشانده‌وه به‌هۆی كوژرانی ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ری فه‌له‌ستینی له كه‌رتی غه‌ززه، په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات پچڕا.
دوای ئه‌وه‌ی له مانگی ئاداری رابردوو، ئیسحاق هێرزۆگ، سه‌رۆكی ئیسرائیل، سه‌ردانی توركیای كرد، گۆڕانكاری له په‌یوه‌ندییه‌كانیان هاته ئاراوه، كه یه‌كه‌م سه‌ردانی سه‌رۆكی ئیسرائیل بوو له‌وه‌تی ساڵی 2007 بۆ توركیا.
هه‌ر ئه‌وكاتیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا، ئه‌و سه‌ردانه‌ی به خاڵی وه‌رچه‌رخان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات وه‌سفكرد.
له مانگی ئایاری رابردوودا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، سه‌ردانی قودسی كرد و له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی ئیسرائیل تاوتوێی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولایان كرد.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی ناڕه‌زایه‌تی خۆی له ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئیسرائیل ده‌ربڕی.
له‌و باره‌یه‌وه حه‌ماس رایگه‌یاندووه، "هه‌ر جۆره ئاساییكردنه‌وه‌یه‌كی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به واتای شه‌رعییه‌تدان دێت به داگیركارییه‌كانی ئیسرائیل له خاكی فه‌له‌ستین".
به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه، سه‌ره‌ڕای ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، په‌یوه‌ندی ئابووری و ئاڵوگۆڕی گه‌شتیاری زیاتر په‌ره‌ی پێده‌درێت.
هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له بواری به‌رهه‌مهێنانی وزه و ئاسایشی وزه‌دا، هه‌ردوولا چه‌ندین رێككه‌وتنی بازرگانی واژوو بكه‌ن.
سه‌ره‌تای ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و توركیا بۆ ساڵی 2010 ده‌گه‌ڕێته‌وه، دوای كوژرانی 10 هاووڵاتی توركی به‌هۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌شتی مه‌ڕمه‌ڕه كه بۆ شكانی گه‌مارۆی سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه له‌وكاته‌دا به‌ڕێكه‌وتبوو.
له ساڵی 2016، هه‌ردوو وڵات رێككه‌وتننامه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان واژووكرد، به‌ڵام جارێكیدیكه له ساڵی 2018، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان پچڕا.
ساڵی 2021، كاتێك ئیسحاق هێرزۆگ، سه‌رۆكایه‌تی ئیسرائیلی وه‌رگرت هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و توركیا ده‌ستیپێكرد.