ژنێکی ئێزدی چیرۆكێكی خهمگین لهبارهی كچه رفێندراوهكهی دهگێڕێتهوه
"33 کەس لە ئەندامی خێزانەکەی کەوتنە ژێر دەستی داعش"

K24- ههولێر:
شەمێ دێرۆ حەسەن، ژنێکی ئێزدی تەمەن 70 ساڵە، لە کەمپی چەم مشکۆ، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، رایگهیاند، لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال، زیاتر لە 33 کەس لە ئەندامی خێزانەکەی کەوتنە ژێر دەستی داعش و گوتی: "حەوت کەس لە ئەندامی خێزانەکەم لەلایەن داعشەوە گولـلهباران کران".
دوای چهندین ساڵ له ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال، شەمێ دێرۆ حەسەن، لە ژێر چنگی داعش رزگاری بوو، له كۆی 33 ئهندامی خێزانهكهی، 13 کەسیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران، حەوت كهسیشیان لەبەرچاوی خۆی کوژران، 10 کەسیش لە خێزانەکەی تا ئێستا بێ سەروشوێنن.
شەمێ دێرۆ حەسەن، باس لە رەفتارێکی دڕاندانەی داعش دەکات کە بەسەر کچەکەیان ھێناوە و گوتی: "لە کاتی داگیرکردنی شنگال، داعش 50 کچی کۆکردەوە، چەکدارێکی داعش گوتی "کامەتان ناوی جیلانە"، کچێکیان گوتی: "ئەمە جیلانە"، داعشهكه بەجیلانی گوت: "بڕۆ خۆت بشۆ بۆ ئامرەکەمان دەتبەین"، جیلان نەیویست شەرەفی خۆی پێشکەش بە داعش بکات، لە حەمام شادەماری دەستەکانی بڕی، تا ھەموو خوێن لە جەستەیدا نەما و گیانیلەدەستدا.
چەکدارەکەی داعش زۆر چاوەڕوانی کرد، جیلان لە حەمام دەرنەچوو، کە پرسیاریکرد، کەس نەیدەوێرا بڵێت خۆی کوشتووە، دواتر بینییان لە حەمام خۆی کوشتووە.
بەشێکی زۆری ئەوانەی کەوتنە ژێر دەستی داعش، تووشی دەستدرێژی سێکسی، برسێتی، ئەشکەنجەدان، کڕین و فرۆشتن بوونەوە، بۆیە بەشێکی زۆریان لەڕووی دەروونییەوە تووشی گرفت بوون.
خوشکەکەی جیلان کە دیمەنی کوشتنی خوشکەکەی خۆی بینی، شێتبوو، دواتر داعش بردیانە سووریا و بەپێی قسەی شەمێ دێرۆ حەسەن، لەوێش کچەکەی بەرگەی دیمەنی ئازاری خوشکەکەی خۆی نەگرت و بە کارەبا خۆیکوشت، چونکە چەکدارێکی داعش دەیویست دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر و ئەویش قبوڵی نەکرد.
شەمێ دێرۆ حەسەن باس لە رزگارکردنی 10 کچ و بووکەکانی لەدەست داعش دەکات و دەڵێت: "ئێمە زۆر ماندووبووین تا توانیمان ئەو کەسانە بدۆزینەوە کە دەتوانرێت بە پارە رزگاریان بکهین، خۆم چوومە سووریا بۆ رزگارکردنی ئەندامانی خێزانەکەم، ھەروەھا دوو لە ئەندامی خێزانەکەم لە پارێزگای نەینەوا بوون، ئەوانیشمان رزگارکرد".
لە کۆی زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی کە لە چواری ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندراون، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 700 رفێندراو بێسەروشوێنن، لە کۆی 82 گۆڕی بەکۆمەڵیش تەنها 26 یان ھەڵدراونەتەوە.
لەئێستادا ئەوەی بۆ شەمێ دێرۆ حەسەن ماوەتەوە تەنها چاوەڕوانییە کە دوای دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئێسکوپروسکی ھاوسەرەکەی و منداڵەکانی کە ئێستا لە بەغدان بۆی بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی دڵی بحەسێتەوە.
شەمێ دێرۆ حەسەن گوتی: "سێ ساڵ بوو بەردەوام من دەچوومە سەر گۆڕەبەکۆمەڵەکان، کە ئێسکوپروسکی ھاوسەرەکەم و منداڵەکانمی تێدایە، دەمویست ئەو ئێسکوپروسکانە بنێژم، بەڵام نەیانھێشت و ئێستا ئەو ئیسکانهیان بڕده بەغدا، داواکارم ھەرچی زووە ئەو ئێسکوپروسکانە رادەستی من بکەن پێش ئەوەی بمرم بۆ ئەوەی بیاننێژم و دڵم بحەسێتەوە و رۆژانی جەژن بچمە سەر گۆڕەکانیان".
رۆژی سێی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.
سهرچاوه: AA