پارێزگاری هه‌ولێر: ئاڵوگۆڕی بازرگانی له ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌راندا به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 40 زیادیكردووه
هه‌ردوو پارێزگاری هه‌ولێر و ورمێ كۆبوونه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
شاندێكی پارێزگای ئازه‌ربێجانی رۆژئاوا (ورمێ)، به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د سادق موعته‌مدیان پارێزگاری ئه‌و شاره، گه‌یشتنه پارێزگای هه‌ولێر و له میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا جه‌خت له به‌دواداچوون له رێككه‌وتنه 16 خاڵییه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو پارێزگادا كرایه‌وه.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له مانگی شوباتی رابردوو له‌نێوان پارێزگای ورمێ و هه‌ولێردا واژووكرا، زۆربه‌ی خاڵه‌كانی جێبه‌جێكراون، كه بووه‌ته سوودگه‌یاندن به‌هه‌ردوو لا.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له‌خاڵی ده‌یه‌می رێككه‌وتنی نێوان (هه‌ولێر و ورمێ) ئاماژه به‌وه دراوه، ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به‌ڕووی زیاره‌تكارانی كۆمارانی ئیسلامی ئێران، بۆ مه‌زارگه و شوێنه ئایینییه‌كانی عێراق ده‌كرێته‌وه، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مساڵ ژماره‌ی زیاره‌تكاران به‌رزببێته‌وه.
ده‌شڵێت: "له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی دیكه له سیده‌كان گفتوگۆمانكرد، كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و ده‌روازه ده‌كرێته‌وه".
روونیكرده‌وه، ئاڵوگۆڕی بازرگانی له ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌راندا به‌ڕێژه‌ی %40 زیادیكردووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئاغای محه‌مه‌د سادق موعته‌مدیان پارێزگاری ورمێ، گوتی: "ئاسمانی نێوان هه‌ولێر و ورمێ ده‌كرێته‌وه، به‌هیواشین له‌رێگه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌دا ده‌روازه‌ی دیكه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، بكرێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به‌ڕووی زیاره‌تكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كرێته‌وه، به‌هیواین ئاسانكاریان بۆ بكرێت".