لە دەروازە سنوورییەکان ئامادەکاری دەکرێت بۆ هاتنی زیارەتکارانی شیعە

پارێزگاری ئورمیە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری دەروازەی حاجی ئۆمەران کۆبووەوە

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - ئەرشیف
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - ئەرشیف

K24 - سلێمانی

لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی، حاجی ئۆمەران و باشماخ، لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئامادەکاری دەکرێت بۆ هاتنی زیارەتکارانی شیعە، بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن لە نەجەف و کەربەلا، پارێزگاری ئورمیە، بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری دەروازەی حاجی ئۆمەران کۆبووەوە.

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی لەبارەی ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە زیارەکارانی شیعە بۆ چلەی ئیمام حوسێن بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوەدراوە کە "محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازرەبایجانی رۆژئاوا و سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندی باڵا، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیان کرد و لەلایەن جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران و قایمقامی چۆمان و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە پێشوازییان لێکرا".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەردانی شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و جوڵەی گەشتیاری، بەتایبەتی هاتنی زیارەتکارانی ئێران لە مانگی داهاتوودا بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن، بۆیە شاندەکەی ئێران بە شێوەی مەیدانی سەردانی هۆڵەکانی هاتن و چوونی گەشتیاران و گۆڕەپانەکانی راوەستانی گەشتیاران و شوێنە خزمەتگوزارییە گشتیەکانیان کردووە.

ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەکەن.

هەروەها، دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، محەمەد تاهیر سەرپەرشتیاری دەروازەکە لەگەڵ بەرپرسی بەشە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە و بۆ ئامادەکاری پێشوازیکردنی زیارەتکاران، کە لە باشماخەوە دێنە هەرێمی کوردستان و دواتر دەچنە شارەکانی نەجەف و کەربەلا لە باشووری عێراق.

رۆژی دووشەممە (22ی ئابی 2022) ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) رایگەیاند "بۆ پیشوازى لە گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لە دەروازەى حاجى ئۆمەران بۆ نێو خاکى هەرێمى کوردستان هەموو ئامادەکارییەکمان لە رووى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى پێویست و پێداویستى تەندروستى و فریاکەوتن کردووە، وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێریش ئامادەین هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش بکەین، دڵنیاشیان دەکەینەوە کە پاراستنى سەلامەتى ئەوان لە هاتن و چوونیان لەئەولەویەتى کارەکانى ئێمەیە".

شیعە؛ یەکێکە لە پێکهاتە گەورەکانی مسوڵمانان لە جیهاندا، کە زۆرینەیان دەکەونە وڵاتانی (عێراق، ئێران، سوریا، پاکستان، ئەفغانستان، لوبنان، بەحرەین و ئازربایجان)، کە ژمارەیان بە زیاتر لە 200 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment