بۆ یەکەمجار لە جیهاندا وەزارەتەکانی "قاوە و زەیتی خوورما" دادەمەزرێندرێن

خورما و قاوە
خورما و قاوە

K24 - هەولێر:

جێمس ماراب، سەرۆکوەیزانی نوێی پابوا گینیا رایگەیاند، کابینەی نوێی حکومەتەکەی لە 33 وەزارەت پێکدێت، لەنێوانیادا وەزارەتەکانی قاوە، زەیتی خوورما و کشتوکاڵ هەن.

لەمیانی راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتەکەی، جێمس ماراب، سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتی پابوا گینیا، گوتی: پێویستە لەمە بەدوا زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەمان بدەین، بۆیە بڕیارمانداوە سێ وەزارەتی نوێ کە پێکدێن لە وەزارەتەکانی قاوە، زەیتی خوورما و کشتوکاڵ زیادبکەین و دابمەزرێنین.

لەبەردەوامی قسەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، "لەناوخۆیی وڵاتەکەماندا ژمارەیەکی زۆری جوتیاران هەن، زەوی باشمان هەیە، پێویستە سوود لەو چەندە وەربگرین، پلان دابنێین و خەڵک هانبدەین بۆ کاری کشتوکاڵی، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە داهاتی وڵاتەکەمان زیادبکەین".

سەرۆکوەزیرانی نوێی پابوا گینیا ئاشکرای کرد، جۆ کوڵی، وەك وەزیری قاوەی دەستنیشانکردووە، فرانسیس مانیکیش وەک وەزیری زەیتی خوورمای دەستنیشانکردووە. دەشڵێت، "پێویستە هەردوو وەزارەتەکە بەیەکەوە کاربکەن بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی وڵاتەکەمان".

قاوەی وڵاتی پابوا گینیا داواکارییەکی زۆری لەسەرە، بەگوێرەی راپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی، بازرگانی قاوە سەرچاوەی داهاتی نزیکەی دوو ملیۆن کەسی وڵاتی پابوا گینیایە، واتە نزیکەی چارەکێکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، پشت بە فرۆشتنی قاوە دەبەستن وەک سەرچاوەی داهاتی تاکەکەسی خۆیان.

Fly Erbil Advertisment