عەمار حەکیم پەیامێکی بۆ موقتەدا سەدر نارد
فەرامۆشکردنی هەر لایەنێک، بەربەستی گەورە بۆ حکومەتی داهاتوو دروست دەکات
K24 – هەولێر
عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، پێیوایە فەرامۆشکردنی هەر لایەنێک، "گرفتی گەورە" بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق دروست دەکات و دووپاتیکردەوە، "نابێت لە دەرەوەی یاسا خۆمان بسەپێنین".
عەمار حەکیم لە کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان کە ئەمڕۆ (شەممە 27ـی ئاب) لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە رەوتەکەی لە حکومەتی داهاتوودا بەشدار نابێت و ئەمەش بە مانای "راکردن لە بەرپرسیاریەتی نییە".
ئەو، سەرەڕای بە گەرنگزانینی بەشداریی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسیدا، دووپاتی کردەوە، "نابێت لە دەرەوەی یاسا خۆمان بسەپێنین ... فەرامۆشکردنی هەر لایەنێک، بەربەستی گەورە بۆ حکومەتی داهاتوو دروست دەکات".
رەنگە مەبەستی عەمار حەکیم لە "خۆسەپاندن لە دەرەوەی یاسا"، خۆپێشاندانەکان و مانگرتنی ئەمدواییەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێت کە نزیکەی مانگێکە بەردەوامە.
سەدر، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، هەڵبژاردنی پێشوەختە بە "بژاردەیەکی باش دەزانێت" بۆ دەربازبوونی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسیی، بەڵام بە پێویستی دەزانێت یاسای هەڵبژاردنی و چەند مادەیەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق هەموار بکرێتەوە. ئەو، بە روونی ئاماژەی بەو مادە دەستووریانە نەدات کە پێویستە هەموار بکرێنەوە.
حەکیم، بە پێچەوانەی سەدر کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات، بە باشی دەزانێت، پەرلەمان تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە کارەکانی خۆیی رایی بکات، لەوانە پەسندکردنی یاسای بوودجەی عێراق.