فوئاد حوسێن: ئەمڕۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبمەوە
باسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و کاندیدی سەرۆک کۆمار دەکەن

K24 – هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ فوئاد حوسێن سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، لە سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە و رەوشی عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق و پرسی کاندیدی سەرۆک کۆمار تاوتوێ دەکەن.
فوئاد حوسێن بە کوردستان24ی راگەیاند: پێشنیازی نوێ هەیە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن.
بڕیارە کاتژمێر شەشی ئێوارە ئەمڕۆ، فواد حوسێن لە سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دۆخی عێراق، کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و یەکگوتاری لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
لە دوو مانگی رابردووەوە ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی فوئاد حوسێنە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیشی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان بە گشتی و ناوماڵی شیعە بەتایبەتی، دوای زیاتر لە 10 مانگ لە هەڵبژاردنی عێراق تائێستا نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت.