سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: قوباد تاڵەبانی هیچ پۆستێکی دیکە لە یەکێتی وەرناگرێت
"پۆستی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی مام جەلال بە هیچ پۆستێکی دیکە ناگۆڕێتەوە"

K24 – سلێمانی
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی رەتیدەکاتەوە، لە گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی هیچ پۆستێک بە قوباد تاڵەبانی بدرێت و دەڵێت: ئەو پۆستی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی مام جەلال بە هیچ پۆستێکی دیکە ناگۆڕێتەوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "قوباد تاڵەبانی ھیچ پۆستێكی دیكە وەرناگرێت و ھیچ پۆستێكیش ناگۆڕێتەوە بە پۆستی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال".
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، قوباد تاڵەبانی پۆستی ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێدەدرێت.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ بڕیاردان لەبارەی چەند پرسێکی ناوخۆیی لە کۆبوونەوەدایە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیار لەسەر چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی حزبەکە دەدرێت.