بڕیاری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی سلێمانی ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە
ئاژەڵدۆستێک: سەگەکان تەنیا خواردن و ژیانێکی ئازادیان دەوێت
K24 - سلێمانی
ژمارەیەک ئاژەڵدۆست لە سێلمانی گردبوونەوە، دژی بڕیاری شارەوانی سلێمانی کە بڕیارە سەگە بێلانەکان کۆبکرێنەوەو ببرێنە شەڵتەر.
پێشتر چەند جارێک لە سلێمانی باس لە پرسی سەگە بێلانەکان کراوە، بەڵام ئەمجارە شارەوانی بڕیاری کۆکردنەوەیانیداوە.
شادی عەلی، یەکێکە ئاژەڵدۆستەکان و بەشداری لە گردبوونەوە دژی بڕیارەکەی شارەوانی سلێمانی کردبوو، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "لە هیچ شوێنێک کۆکردنەوەی سەگ نییە، بەداخەوە ئەوە مەرگێکی لەسەرخۆیە بۆ ئەوان، باشترین چارەسەر کە بە شارەوانیمان راگەیاندووە، گرتن، نەزۆککردن و گەڕانەوەیانە بۆ ژینگەی خۆیان".
ئاژەڵدۆستان شەڵتەرەکان بە کوشتارگە ناو دەبەن، پڕۆپۆزەڵی چارەسەریان پێیە و دەیانەوێت لە رێگەی کۆکردنەوەیان، نەزۆک بکرێن و دواتر بیان گەرێننەوە بۆ نێو سرووشتی خۆیان، تێچوی سەرجەم دەرمانەکانیش لە ئەستۆ دەگرن.
ئاسۆ سەلام، یەکێکی دیکەیە لە ئاژەڵدۆستانی سلێمانی ئەو دەڵێت: "بەڵگەمان پێیە کە سەگەکان ئازاردراون و کوژراون، ئێمە داوا دەکەین سەگەکان هەر جارە و کۆمەڵێکیان نەزۆک بکرێن و بخرێنەوە سەر شەقام".
لە ماوەی رابردوودا چەند گرتە ڤیدیۆیەکی کوشتنی سەگەکانی شەڵتەر لە سلێمانی، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئاژەڵدۆستان ئامانجیان دووبارە نەوبوونەوەی ئەو روداوەیە.
ئاریا ئەسعەد، ئاژەڵدۆستێکی سلێمانییە و لەکاتی گردبوونەوەکەدا بە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی: "پێموایە شارەوانی سلێمانی لەرێگەی بڵاوکراوەکانییەوە گومڕایی لەلای خەڵک دروست دەکات، چونکە بە هیچ شێوەیەک باسی شڵتەرەکە ناکات چۆنە، سەگەکان زمانیان نییە، بەڵام تەنها دوو شتیان دەوێت ژیانێکی ئازاد و خواردن".
بەپێی ئامارەکان لە شاری سلێمانی نزیکەی 10 هەزار سەگی بێلانە هەن و رۆژ بە رۆژ ژمارەیان لە زیاد بووندایە، لەنێو شەڵتەرەکانیشدا نزیکەی 600 سەگی بێلانەی تێدایە.