ژمارەی کوژراوانی لایەنگرانی سەدر بەرزبووەوە
بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون
.jpg)
K24 - هەولێر
لە گرژی نێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا ژمارەی کوژراوانی لایەنگرانی سەدر بۆ 20 كوژراو بەرزبووەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە ئاکامی دروستبوونی گرژی لەنێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شاری بەغدای پایتەخت، 20 كەس كوژراون و بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەمەبەستی دەرکردنی لایەنگرانی سەدر لە دامەزراوە حکومییەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا، گازی فرمێسکرێژ و چەکیان بەکارھێنا.
ئەمڕۆ سێشەممە 30/8/2022، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، لە بەرەبەیانییەوە دەنگی تەقە لە ناوچەی سەوز دەبیسترێت و باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش لە بەغدا سیستەمی بەرگری ئاسمانی خستووەتەکار.
لەلایەکی دیکەش، شەوی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆبوونەوەی نائاسایی لەگەڵ بەرپرسانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان ئەنجامدا و داوای لە لایەنگرانی سەدر کرد لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە.
رۆژی دووشهممه 29ـی ئابی 2022، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لەکاری سیاسی راگهیاند و، دوای ئەو بڕیارەی سەدر دۆخی سیاسی عێراق زیاتر ئاڵۆز بوو لایەنگرانی سەدر چوونە ناوچەی سەوز و شەڕ لەنێوان سەدرییەکان و هێزە چەکدارەکانی دیکە روویدا.