کازمی: بانگەوازەکەی سەدر بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و نیشتیمانییە

K24 - سلێمانی
مستەفا کازمی بانگەوازەکەی سەدر بەرزدەنرخێنێت و دەڵێت: ئەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقیی و نیشتیمانییە، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی بەرهەمدار.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای گوتارەکەی موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، بانگەوازی موقتەدا سەدر بۆ وەستاندنی توندوتیژییەکان دەرخەری ئەوپەڕی ئاستی نیشتمانپەروەریی و سووربوونیانە لە پاراستنی خوێنی عێراقییەکان.
کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، گوتارەکەی سەدر هەڵگری هەموو بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی و نیشتیمانییە بۆ پاراستنی تواناکانی عێراق و راگرتنی زمانی توتدووتیژی سیاسی و ئەمنی هەروەها دەستپێکردنی گفتوگۆی خێرا و بەرهەمدارن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
هاوکات محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا سوپاسی موقتەدا سەدری کرد و نووسیویەتی: "پیگەی تۆ بە قەد عێراق گەورەیە".
لەلایەکی دیکە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە گوتارەکەی موقتەدا سەر دەکات و داواش دەکات ژیری و حیکمەت زاڵ بن بەسەر بڕیارەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی "یونامی دەستخۆشی لە راگەیاندنەکەی موقتەدا سەدر دەکەین. هەروەک دوێنێش راگەیەندرا کە ئارامی و دانبەخۆداگرتن زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی ژیری و حیکمەت زاڵ بن و سەرکەون".
ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە گوتارێکدا داوای لێبووردنی لە گەلی عێراق کرد و رایگەیاند، هەرکەسێک لە ماوەی یەک کاتژمێردا لە ناوچەی سەوز نەکشێتەوە ئەوا لێ ئێمە نییە.
دوای گوتارەکە لایەنگرانی رەوتی سەدر دەستیان بەکشانەوە کرد لە ناوچەی سەوز، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەرکرد.