به‌رهه‌م ساڵح: هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ چاره‌سه‌ره‌

سه‌رۆك كۆماری عێراق داوای گفتوگۆی نێوان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در ده‌كات

به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی كۆماری عێراقی ئیتیحادی
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی كۆماری عێراقی ئیتیحادی

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك كۆماری عێراقی ئیتیحادی، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، په‌یامێكی ئاراسته‌ی رایگشتیی و لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی عێراق كرد.

سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، رایگه‌یاند، به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ به‌ گوێره‌ی له‌یه‌كگه‌یشتنێكی نیشتمانی، ده‌رچه‌ی رزگاربوونی وڵاته‌ له‌و چه‌قبه‌ستوویی و قه‌یرانه‌ی تێیكه‌وتووه‌.

سه‌رۆك كۆمار وتیشی: دیمه‌نه‌كانی دوێنێ، ده‌روونی عێراقییه‌كانی هه‌ژاندووه‌، هه‌ستی بریندار كردوون و دڵیان پڕ بووه‌ له‌ خه‌م، پێویسته‌ دان به‌وه‌دا بنێین، سیستمی سیاسی و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان ده‌سته‌وه‌ستانن له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ی رووی دا.

هه‌روه‌ها وتی: كۆتایهێنان به‌ توندوتیژی و پێكدادانه‌كان و ته‌قه‌ كردن زۆر پێویسته‌، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ رشتنی خوێنی عێراقییه‌كان بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای كۆتایهاتنی قه‌یرانی سیاسی نییه‌، كه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ عێراقی گرتووه‌ و ئه‌وه‌ی دوێنێ بینیمان قه‌یرانێكی هه‌نووكه‌یی نییه‌، به‌ڵكو قه‌یرانێكی په‌یوه‌ست به‌ سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سته‌وه‌ستانی دامه‌زراوه‌كانی.

سه‌رۆكی كۆماری عێراق، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له‌ وتاره‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كه‌یدا وتیشی: هه‌ڵبژاردنی رابردوو، هیوای هاووڵاتیانی نه‌هێناوه‌ته‌دی و زۆر كێشه‌ و ئاڵنگاری رووبه‌ڕووی عێراقییه‌كان كردووه‌ته‌وه‌، له‌ واده‌ ده‌ستوورییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ دواكه‌وتین و پرسی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌درییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن لێكه‌وته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی به‌ دوای خۆیدا هێنا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، داوای له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرد، په‌یوه‌ندی به‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ بكه‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ده‌روونه‌كان و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی بۆ چاره‌سه‌رێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی سیاسی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رایگه‌یاند، قه‌یرانی نێوان حكومه‌تی ئیتیحادی و هه‌رێمی كوردستان چیدیكه‌ قبووڵكراو نییه‌ و زۆر له‌سه‌ر وڵات كه‌وتووه‌ و ئێمه‌ی گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌م چركه‌ساته‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی لێكه‌وته‌كانی ده‌بینه‌وه‌ به‌ هۆی دواخستن و سپاردنی كێشه‌كان به‌ دوای خۆیانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها داوایكرد، پێویسته‌ گفتوگۆیه‌كی جددی له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ئیتیحادی ده‌ستپێبكات و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی و هه‌میشه‌یی نه‌ك چاره‌سه‌ری كاتی و رووكه‌شانه‌ بۆ كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌ و پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو هاووڵاتییه‌ك له‌به‌رچاوبگیرێت و تێكه‌ڵ به‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان نه‌كرێن.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق:

خوشك و برایانی بەڕێز..

سەرجەم ڕۆڵەكانی گەلی عێراق

سڵاوی خودای گەورەتان لێ بێت،

لەم دۆخە هەستیارەی گەلەكەمان پیایدا تێپەڕ دەبێت، ئەم پەیامەی خۆمتان ئاراستە دەكەم، كە لە هەست و ویژدانمەوە هەڵقوڵاوە.

ئەو خوێنەی لەم چەند ڕۆژەدا بەناهەق لە جەستەی ڕۆڵەكانی عێراق ڕژا؛ لە شەهید و بریندار و خۆپێشاندەر و هێزەئەمنییەكان،خەم و كەسەرێكی گەورەی خستە ناخمانەوە، قوربانیدانەكە زۆر گەورە بوو، دیمەنەكانی دوێنێ ناخی هەموو عێراقییەكانی هەژاند و هەستی برینداركردن و ماتەمینییەكی گەورەی خستە دڵانەوە.بۆیە دەبێت بوێرانە دانبەوەدا بنێین كە سیستەمی سیاسی دامەزراوە دەستورییەكان نەیانتوانی بەر بەو ڕووداوە كارەساتبارەی دوێنی بگرن، ئەمەش بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە كە كاتێك مەترسی و تەنگژەكان دەگەنە چڵەپۆپە، بە وتاری ئاگرین و خۆزگە و بریاكان بەریان پی ناگیرێت، بەڵكو بە ئیرادەی پۆڵاین و بڕیاری لێبڕوانە و كۆششی دڵسۆزانەی نیشتمانی چارەسەر دەكرێت و بەری پێدەگیرێت.

هەڵوێستەكەی سەماحەتی موقتەدا سەدر بۆ بەرگرتن بە شەڕ و توندوتیژی، هەڵوێستێكی ئازایانەی بەپەرۆشە بۆ نیشتمان و هەموو عێراقییەكانیش، بەرز دەینرخێنن، پێویستە سود لەو وتارە پڕبەهایە وەرگرین و بیكەینە سەرمەشقی خۆمان لە دەربازبوون لەو تەنگژە سیاسییەی ئێستامان، بەوەی چارەسەرێكی تۆكمەی ڕاستەقینە بۆ ئەم دۆخە نالەبارە بدۆزینەوە كە بتوانێت دەستەبەری هیوا و ئاوات و مافە ڕەواكانی عێراقییەكان بكات.

بە پێویستی دەزانم لەم مینبەرەوە، سوپاس و ستایشی بێپایانی خۆم ئاراستەی ڕۆڵە دڵسۆزەكانی عێراق و هێزە چەكدارەكان بكەم لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی كە دانیان بەخۆیانداگرت و بە ئارامی و هێمنییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەكاندا كرد.

ڕۆڵەكانی ڕافیدەین زەمەنێكی دوور و درێژە نەبەردانە ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتییەكان دەبنەوە، بۆیە هەرگیز ئەوەیان لێ چاوەڕوان ناكرێت لە چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانیاندا پەنا بۆ تونوتیژی بەرن، بەڵكو لە سێبەر و سایەی نیشتمانی و سیستەمی دیموكراسی و دەستوریدا چارەسەری گونجاو بۆ گرێكوێرەكان دەدۆزنەوە... گەلی عێراق و هیزە ئەمنییەكانی كە لەبری هەموو جیهان ئازایانەو نەبەردانە ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند، هەرگیز بەوە ڕازی نابن پێیان بخلیسكێتە نێو زەلكاوی شەری براكۆژی و خۆكوژییەوە.

 خۆشك و برایانی بەرێزم..

كۆتاییهێنان بە توندوتیژی و پێكدادان و بارگرژییەكان، كارێكی زۆر پێویست و ئەركێكی هەنووكەییمانە بۆ بەرگرتن بە كوشت و كوشتار و خوێنڕێژی و پاراستنی گیانی ڕۆڵەكانمان، بەڵام هێشتا ئەمە بەس نییە و تەنگژە سیاسییە دژوارەكەی وڵاتەكەمان چارەسەر ناكات كە چەند مانگێكە بەدەستییەوە دەناڵێنین... ئەوەی ڕوویدا تەنگژەیەكی كاتی سادەوساكار نییە، بەڵكو تەنگژەیەكی كەڵەكەبووی سیستەمی حوكمڕانییە و دەمێكە گەلەكەمان داوامان لێ دەكات لە ڕێگەی چاكسازییەكی ڕاستەقینەی ڕیشەییەوە چارەسەری بكەین، هەروەك لە خۆپێشاندانەكانی پێووشی شەقامدا بە ڕوون و ڕاشكاوی گوزارشتیان لێكرد، كەچی ئەو كات خەمساردانە مامەڵەی لەگەڵ كرا و بە هەند وەرنەگیرا و ئیرادەیەكی ڕاستەقینەش نەبوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی تۆكمە و بنەبڕ، خۆ ئەگەر لە ئێستاشدا هەروا خەمسار و بێباك بین و دەست نەدەینە چاكسازییەكی ڕاستەقینە، ناڕەزاییەكانی خەڵك زیاتر و زیاتر دەبن.

پێشتر لە سونگەی بەرپرسیاریەتی دەستوری و نیشتمانی خۆمەوە، چەندەها جار لە چەندەها بۆنەدا پێویستی ئەنجامدانی ئەو چاكسازییە ڕاستەقینە دوپات کردۆتەوە و لە ئێستا و داهاتووشدا لەسەری بەردەوام دەبم... ناكرێت چی دیكە گرەو لەسەر ئارامگری و دانبەخۆداگری گەلەكەمان بكەین و تەنها قسە و بەڵێنیان دەرخوارد بدەین... چونكە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و هیچ پڕۆسەیەكی سیاسیش بێ وەڵامدانەوەی داواكارییە رەواكانی گەل شەرعیەتی نییە و نابێت.

بە ڕاشكاوی و بێپەردە پێتان دەڵێم كە هەڵبژاردنی پێشوو لە ئاستی چاوەڕوانی و دڵخوازی  هاوڵاتییاندا نەبوو... پڕۆسەكە بۆ بەدەنگەوەهاتنی ناڕەزایی شەقام و گەنج و لاوەكانمان بوو، كۆدەنگییەكی نیشتمانی لەسەر بوو بەوەی پێویستە چاكسازییەكی ڕاستەقینە ئەنجام بدەین، بەڵام زۆر گرێكوێرە و بەربەست هاتنەڕێ وەك پابەندبوون بە وادەی ئەركە دەستورییەكان و پێكهێنانی حكومەتێكی تازە و دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر كە براوەی هەڵبژاردنەكان بوو، هەموو ئەمانەش كۆمەڵێك شوێنكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی مەترسیداریان لێكەوتەوە.

یەكێك لە گرێكوێرە هەر مەترسیدارەكانیش كەمی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتییانی عێراق بوو لە هەڵبژاردنەكان.

زۆرینەی ئەوانە بوون کە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كرد و زیاتر لە نیوەی دەنگدەران بوون، بایکۆتی ئەوان زەنگێكی مەترسیدار بوو، ویستیان بەو پەیامە سزای كاربەدەستانی سیاسی بدەن... پێویستە لەبەردەم ئەم ڕەفتارەی دەنگدەراندا هەڵوێستەیەكی جدی بكەین و بە قوڵی بیری لێ بكەینەوە.. چونكە هەڵبژاردن لە خودی خۆیدا ئامانجی كۆتایی نییە، بەڵكو میكانیزم و شێوازێكی ئاشتییانەیە بۆ دەستەبەركردنی بەشدارییەكی فراوانی هاوڵاتییان لە بەرجەستەكردنی ویستی ئازاد و بژاردەكانی بەردەمیان بۆ گەیشتن بەو چاكسازییەی دڵخوازی خۆیانە.

كاتی ئەوە هاتووە ڕۆڵەكانی گەلی عێراق ڕاستگۆیانە دەست لەسەر برینەكانیان دابنێن، چالاكی سیاسی و كۆمەڵایەتی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن بە مەبەستی دامەزراندنی بنەمایەكی پتەوی تازەی دەوڵەتداری و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات، ئەمەش بێ گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە مەیسەر نابێت كە دەتوانێت بە هۆی بەشداری كاریی هاوڵاتییانەوە ڕاییەكی گشتی نیشتمانی دروست بكات.

پێویستە ڕاستگۆیی و ڕاشكاوی بكەینە بنەمای كاری ئێستا و ئایندەمان، بیكەینە كردار و پڕاكتیزەی بكەین، گەلەكەمان چاوی لە هێنانەدی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ژیانێكی شكۆدارنەی ئازادە و هەلی كار و خزمەتگوزارییە بنچینەییەكان كە داواكاری مەحاڵ نین، بە مەرجێك دەستبار بۆ یەكتری بگرین و گرفت و شوێنكارە نەرێنیەكانی پێشوومان تێپەرێنین و بە یەكڕزی و یەكدەنگییەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش و ڕووەوپێشەوە هەنگاو بنێین.

باوەڕی تەواوم بەوە هەیە كە ئەم دۆخەی ئیستا چی دیكە مایەی قبوڵكردن و بەردەوامیپێدان نییە.

لەم سۆنگەیەوە پێویستە لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنی نیشتمانی هەڵبژاردنێكی تازە ئەنجام بدەین كە بتوانێت لەم تەنگژە دژوارەی ئێستا دەربازمان بكات، ئەمەش هەزارەهاجار باشترە لە دەمەتەقێی سیاسی و پیكدادان و ملبەملەی ناڕەوا و ناشارستانی... هەڵبژاردنێك دەستەبەری سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی بكات و دڵخوازی عێراقییەكان بێت.

دڵنیایی تەواوم هەیە كە ئەنجامدانی گفتوگۆی نیشتمانی لە قۆناغی ئێستادا پێویستییەكی هەنووكەیی و بنەڕەتییە، گفتوگۆیەكی ڕوون و ڕاشكاوانەی پەیوەست بە وادەیەكی دیاریكراو كە جێی متمانەی هاوڵاتییان بێت و نەخشە ڕێگای كاری ئایندەش دیاری بكات، هەمووشمان بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی و نیشتمانی و ئەخلاقیمان لەسەرشانە و پێویستە لە كێشە و گرفتەكانمان گەورەتربین و بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو شتێكی دیكەوە، لە پێناو شكۆداری نیشتمان و گەلەكەماندا سازش بۆ یەكتری بكەین و ئەم دۆخە ناهەموارەی ئێستامان تێێەڕێنین.

خوشك وبرایانی زیدە ئازیزم...

پێویستە لەگەڵ خۆمان و گەلەكەماندا ڕاستگۆبین و بەرژەوەندی باڵای نیشتمان بخەینە سەرووی بەرژەوەندییەكانی دیكەوە... هیچ چارەیەكیمان نییە جگە لەوەی دەست بە ئەنجامدانی چاكسازییەكی ڕاستەقینە بكەین، هیچ پۆست و پلەوپایەكیش لە بەرژەوەندی نیشتمان گرنگتر و بایەخدارتر نییە، ئەوەی گرنگە ئەنجامدانی گۆرانكارییەكی ڕیشەییە بە ئامانجی دەربازبوون لە تەنگژە كەڵەكەبووەكانمان.

نابێت ئەوەشمان لەبیرچێت كە جەنگی ڕاستەقینەی ئێمە پڕۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتە، ئەمەش بێ ڕێزگرتن لە مەڕجەعیەتی دەوڵەت و یاسا و دامەزراوەكان و سەروەری وڵات و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و سەربەخۆیی دەوڵەت و پاراستنی خاكەكەی مەیسەر نابێت.

بەشبەشێنەی حزبی و تایەفی كە بۆتە مۆتەكەی سەر سینگی گەلەكەمان، گرێكوێڕەیەكی مەترسیدار و ئاستەنگێكی گەورەیە لە بەردەم گەیشتنمان بە حوكمڕانییەكی ڕەشید، یەكێكە لە هۆكارەكانی بێهێزكردنی وڵاتەكەمان و بگرە هۆكارە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نیشتمانیمان و برەویش بە ناسنامە لاوەكییە جۆراوجۆرەكان دەدات كە گەل و وڵاتەكەمانی توشی ململانێی تایەفی و مەزهەبی و نەژادی كردووە.

یەقنی تەواوم هەیە كە بەردەوامی دۆخی ئێستا پایەكانی گەندەڵی بەهیزتر دەكات كە بۆتە شێرپەنجە و هەڕەشە لە قەوارەی دەوڵەتداریمان دەكات و ئاستەنگیشە لە بەردەم پێشكەوتنی وڵاتەكەمان و تواناكانمانی كۆتوبەند كردووە و ناهێڵێت وڵات و گەلەكەمان بەروپێش بچێت... دۆسییەكانی گەندەڵی و پیلانگێڕان لە دژی دەوڵەت ئاماژەیەكی ڕوون و ڕاشكاون كە ڕووبەڕووی كارەساتێكی ڕاستەقینە بووینەوە و رای گشتیش بەووردەكاری ئەو كارەساتە ئاشنایە، ئەمەش پێویستی بە چاودێری وشككردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی و گێرانەوەی پارە بەتالانبراوەكان و جەنگێكی نیشتمانی ڕەوایە، بێ سەركەوتن لەو جەنگەدا ناتوانین دۆخی وڵاتەكەمان چاكتر بكەین، ئەمەش پێویستی بە دەركردنی كۆمەڵیك یاسا و بڕیاری چاكسازی تۆكمە هەیە كە لە ئیرادەیەكی سەربەخۆی یەكگرتووەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەو چەند مانگەی دوای هەڵبژاردنەكان، دیدگای ڕاستوڕەوانی سەرۆكایەتی كۆماری سەلماند كە دوو ساڵ زیاترە خستویەتییەڕوو بەوەی پێویستی زۆرمان بە هەمواركردنەوەی دەستوری هەیە، پێویستە لە ماوەی ئایندەدا و لە چوارچیوەی میكانیزمە دەستوری و یاساییەكاندا، دەست بەو پڕۆسە بكەین، ئەو بەندانە هەمواربكەینەوە كە ئەزموون سەلماندویەتی گرێكویڕەی سەخت و دژوارن و تەنگژەكانیان كەلەكە كردووە و كەلێنی گەوەری خستۆتە نێوانمانەوە.

تەنگژەی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چیدیكە جێگەی قبوڵكردن نییە و وڵاتەكەمانی توشی زەرەروزیانی گەورە كردووە، ڕوبەڕوی ئەم دۆخەی ئێستای كردووینەتەوە كە بەدەست لێكەوتەكانییەوە دەناڵێنین و لە بری چارەسەركردنیان فەرامۆشمان كردوون و نادیدەمان گرتوون... بۆیە پێویستە گفتوگۆیەكی جدی لە نێوان حكومەتی فیدڕالی و حكومەتی هەرێم دەستپێ بكات و چارەسەری ڕیشەیی هەمیشەیی ڕاستەقینەیان بۆ بدۆزرێتەوە نەوەك كێشەیەك بە كێشەیەكی دیكە بسپێرین، چارەسەرێك بەرژەوەندی تەواوی هاوڵاتییانی عێراق لەبەرچاوبگرێت و جارێكی دیكەش رێگە نەدەین پرسی قوت و بژێوی هاوڵاتییان تێكەڵ بە ناكۆكییە سیاسییەكان بكرێت.

هاوڵاتییانی بەسڕە و نەجەف و ئەنبار و بەغدا و موسڵ، بەوە ڕازی نابن براكانیان لە هەرێمی كوردستان بێ موچە و قوتی ڕۆژانەبن و ستەمیان لێبكرێت.

پێویستە لە ئاست بەرپرسیاریەتی نیشتمانیدابین، ڕێز لەو پێگە شارستانییە بگرین كە وڵاتەكەمان شایستەیەتی لەو ڕۆڵە میحوەرییەی كە دەبیت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بیگیڕێت... نابیت چیدیكە بەوە ڕازیبین وڵاتەكەمان ببیتە گۆرەپانی ململانێی ئەوانی دیكە یان بنكەیەك بۆ هێرشكردنەسەر دەوروبەرمان، بەڵكو پێویستە ببیتە خاڵی بەیەكگەیشتنی دەوڵەتانی ناوچەكە و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی

خوشك و برایانی ئازیز...

بە پێویستی دەزانم ئەودووپاتبكەمەوە كە پێویستیمان بە گفتوگۆیەكی نیشتمانی سەراپاگیر هەیە، پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەكی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی دەكەین لە دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نیشتمانی نێوان لایەنە سیاسییەكان، داواش لە برایانم لە چوارچیوەی هەماهەنگی دەكەم كە لەگەڵ سەماحەتی موقتەدا سەدر بكەونە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و دۆخەكە هێوربكەنەوە بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی یەكلاییكەرەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی تازەی پێشوەخت و پێكهێنانی حكومەت بەشێوەیەك كە سەقامگیری وڵات و لێكتێگەیشتنی نیشتمانی دەستەبەر بكات و چاكسازییەكی ڕیشەیی ڕاستەقینەش بینێتەئاراوە و ژیانێكی شكۆمەندانش بۆ هاوڵاتییان دابین بكات.

وڵاتەكەمان دەمێكە گیرۆدەی دەستی كارەسات و نەهامەتییەكان و كاتی ئەوە هاتووە ڕابردوو جێبێڵین و پەڕەیەكی تازە هەڵدەینەوە... پێویستە یادەوەری شەهید و قوربانیانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و ڕاپەرێنی شەعبانی و قوربانیانی تیرۆر و ئازادی و دیموكراسی و چاكسازی لەیاد نەكەین، وەفاداری بۆ ڕەنج و كۆشش و قوربانیانی گەلەكەمان بەوە دەبیت وەڵامدەرەوەی داواكارییە ڕەواكانی هاوڵاتییان بین و كێشە كەڵەكەبووەكان چارەسەر بكەین و كارێكی واش بكەین جارێكی دیكە دووبارەنەبنەوە.

داواكاریشم  میدیا و ڕاگەیاندنەكان ئەركی بەرپرسیاریەتی پیشەیی و بایەتی خۆیان دڵسۆزانە جێبەجێ بكەن و پەرۆشی ئاشتەوایی و ئاسایشی كۆمەڵگایان بێت و خۆیان لە گوتاری ڕقلێبوونە و هاندان و توندوتژی بپارێزن.

سڵاو لە نەبەردی هێزە چەكدارەكان و پۆلیس و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە كە لە سەرتاسەری وڵاتدا داكۆكی و بەرگری لە ڕۆلەكانی گەل دەكەن و بە گیانی خۆیان پارێزگاری لە سەقامگیری گەل و وڵاتەكەمان دەكەن.

عێراق و عێراقییەكان ئومێدی زۆریان پێمانە، ئەوان شایستەی ژیانێكی باشترن و جگە لە چاكسازی دوخی وڵات بە هیچ شتێكی دیكە ڕازی نابن... مێژووی فێرمان دەكات كە باڵادەستی بۆ ویست و ئیرادەی گەلە و هەر ئەو ئیرادەیەش سەركەوتوو دەبێت. 

پەروەردگاری مەزن عێراق و عێراقییەكان لە هەموو ناخۆشی و نەهامەتییەك بپارێزێت.

دووبارە سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت.