به‌شیر حه‌داد: دادگای فیدراڵی ده‌توانێت په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، دادگای فیدراڵی ده‌توانێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی عێراق پابه‌ند نه‌بووه به‌و واده ده‌ستووریه‌ی بۆی ده‌ستنیشانكراوه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (31ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌میانی به‌شداریكردنی له گه‌شته هه‌واڵییه‌كانی كاتژمێر 12:00ـی كوردستان24 رایگه‌یاند، دۆخی عێراق گرژی و ئاڵۆزییه‌كی زۆری تێكه‌وتبوو، هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی وایان ده‌بینی دۆخه‌كه له كۆنترۆڵ ده‌رچووه، شه‌ڕی نێوان شیعه‌كان ده‌ستیپێكردووه و په‌ره‌ده‌سه‌نێت، به‌ڵام موقته‌دا سه‌در له وتارێكی شه‌ش خولهكیدا توانی ئه‌و ئاگره بكوژێنێته‌وه و رێگری له فیتنه‌یه‌كی گه‌وره بكات.
به‌شیر حه‌داد، وتیشی: وازهێنانی موقته‌دا سه‌در به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له كاری سیاسی وایكرد خۆپیشاندانه‌كانی عێراق بهرفراوانترببن و گرژی و ئاڵۆزییان تێبكه‌وێت، چونكه پێشووتر ره‌وتی سه‌در لیژنه‌یه‌كی دانابوو به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی خۆپیشاندانه‌كان، به‌ڵام كاتێك لیژنه‌كه نه‌ماوه، كۆنترۆڵیش له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان نه‌ما، چه‌ك به‌كارهێنرا و گرژی و ئاڵۆزییان تێكه‌وت.
له‌باره‌ی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی دوێنێی موقته‌دا سه‌در كه داوای له لایه‌نگرانی كرد له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا بكشێنه‌وه، حه‌داد وتی: ئه‌گه‌ر سه‌در ئه‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌ی نه‌كردبا، دۆخی عێراق به‌ته‌واوه‌تی تێكده‌چوو و گرژی و ئاڵۆزییه‌كان هه‌موو عێراقیان ده‌گرته‌وه، به‌ڵام له‌دوای كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه چاوه‌ڕێده‌كه‌ین هاوكێشه‌یه‌كی سیاسی نوێ له عێراق دروستببێت.
له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، ناوبراو رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق، په‌رله‌مانی ئێستای عێراق ده‌توانێت دانیشتن ئه‌نجامبدات و خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و جارێكی دیكه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجامبدرێن، دادگای فیدراڵیش ده‌توانێت له‌سه‌ر بنه‌مانی پابه‌ند نه‌بوونی په‌رله‌مانی عێراق به‌واده ده‌ستوورییه‌كه‌ی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
له‌باره‌ی پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، گه‌لی كورد خاوه‌نی پرسێكه. هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی مافه ده‌ستوورییه‌كانی بۆ دابینبكات، له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه رێكده‌كه‌ون و حكومه‌تی نوێ پێكده‌هێنن، كورد به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بووه‌ته به‌شێك له‌و ناكۆكه سیاسییانه‌ی ئێستا له ماڵی شیعه‌دا هه‌ن.
رۆژی سێشه‌ممه (30ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوای له لایه‌نگرانی كرد كۆتایی به خۆپیشاندانه‌كان بهێنن و ناوچه‌ی سه‌وز چۆڵبكه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ر لایه‌نگرێكی سه‌در نه‌كشێته‌وه، ئه‌وا به‌شێك نییه له ره‌وتی سه‌در.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، سه‌در داوای له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق كرد به‌یه‌كه‌وه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌كردنی گرفته‌كانی عێراق بده‌ن، سوپاسی هێزه ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیشی كرد و رایگه‌یاند، هێزی شه‌عبی نه‌بووه ته‌قه‌ی كردووه و خۆپیشانده‌رانی كوشتووه، به‌ڵكوو سه‌ركرده‌كانیان بوونه، كه ئه‌وانیان هانداوه.