وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كار بۆ ده‌ركردنی بڕیارێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی جوتیاران ده‌كات
مژده‌یه‌ك بۆ جوتیاران

K24 - هه‌ولێر:
وەزارەتی کشتوکاڵ و بانکی ئه‌لقورتاسی ئیسلامی، ئامادەکاری بۆ پێدانی قەرزی پاڵپشتی بۆ پڕۆژەی جوتیاران دەکەن.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 31ـی ئاب/ئۆگێستی 2022)، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: بێگەرد تاڵەبانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەگەڵ ساره سه‌ید محه‌مه‌د بەرێوبەری بانکی ئه‌لقورتاسی ئیسلامی بۆ پاڵپشتی پڕۆژەی بچوک و مام ناوەند، کۆبووه‌وه.
هه‌ردوولا تاووتوێی هێنانەکایەی جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەت و بانکی ئه‌لقورتاسیان كرد، بە مەبەستی پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بۆ ئەو جوتیارانەی کە بیرۆکەی بونیادنانی پڕۆژەی بچووک و مام ناوەندیان لە سێکتەری کشتوکاڵی و پیشەسازی کشتوکاڵیدا هه‌یه.
بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانکی ناوبراو بکرێ، ئەم هەنگاوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری جوتیاران و بوژانەوەی سێکتەری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان .