هه‌ندێك له وتارخوێنی مزگه‌وته‌كان دوور ده‌خرێنه‌وه
په‌رله‌مانتاری كورد هه‌یه كه لێدوانه‌كانی له رادیۆی داعش بڵاوده‌كرێنه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
له چه‌ند بڵاوكراوه و نامیلكهیهكدا پێشمه‌رگه به كافر وه‌سف ده‌كرێت، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له ھەردوو وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ئه‌وقاف بۆ بنبڕكردنی بیری توندڕه‌وی دروستده‌كرێت و ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت، ئامانجی سه‌ره‌كیمان داخستنی هه‌موو دهزگایەكی میدیایی و لابردنی وتارخوێن و قه‌ده‌خه‌كردنی ئه‌و نامیلكه و كتێبانه‌یه كه فكری توندڕه‌وه‌ی بڵاوده‌كه‌نه‌وه، بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش پێیوایه به‌شێك له حزبەكانی ئیسلامی سیاسی له پشت بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری توندڕەوین.
چه‌كدارانی داعش، گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئیدی له هێرشكردنه سه‌ر پێشمه‌رگه و سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان, به‌ته‌واوی شكستیان هێناوه، بۆیه ئێستا له رێگه‌ی ئه‌م فكرانهوه ده‌ستیان خستۆته ناو كوردستان و توندڕه‌وه‌ی له وڵات بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش ده‌ڵێت، به‌شێك له مزگه‌وته‌كان بوونه‌ته شوێنی بانگه‌وازی بۆ فكری داعش، هه‌ندێك پیاوی ئاینیش باشووری كوردستان وتاره‌كانیان له رادیۆی داعش په‌خشده‌كرێت.
ئێستا لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و رۆشنبیری پێكهاتووه، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، ئه‌مجاره هیچ كه‌سێك و ده‌زگایه‌كی میدیای به‌ئاسانی رزگاری نابێت، بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش پێیوایه به‌شێك له‌و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنانه‌ی پاشگری ئیسلامیان به‌خۆيانه‌وه لكاندووه، بیری توندڕه‌وه‌ی بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
ئێستا له رادیۆی داعش رۆژانه وتاری به‌شێك له پیاوانی ئايینی هه‌رێمی كوردستان په‌خشده‌كرێت، جگه‌له‌مه كه‌سه سیاسییه‌كانیش له‌نێویشیاندا په‌رله‌مانتاری كورد هه‌یه كه لێدوانه‌كانی له رادیۆی داعش بڵاوده‌كرێنه‌وه، له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 30 رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ئیسلامی هه‌یه، 20 فایلی دیكه‌ش له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌یه كه داوای كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵ و ڕادیۆی ئیسلامی ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌زاره‌ت وه‌ڵامی نه‌داونه‌ته‌وه، به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستان24 بڕیاره نیوه‌ی ئه‌م ده‌زگایانه دابخرێن و به‌شێك له وتارخوێنی مزگه‌وته‌كانیش دوور بخرێنه‌وه و ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێن.