گوتەبێژی حکومەت وەڵامی رێواز فایەق دەداتەوە
"کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە"

K24 – هەولێر
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە کە گوتبووی "حکومەت دەیەوێت دەستکاری (یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری) بکات. گوتەبێژی حکومەت ئەو زانیارییە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە.
لە راگەیەندراوێکدا جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەڕێز د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستکاری (یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری) بکات. ئێمە لێرەوە رای دەگەیێنین کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە و ھیچ داوایەکی لەو جۆرەشی بۆ ھەموار کردنەوەی ئەو یاسایە، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: "سەبارەت بە دەرچوواندنی رێنماییەکانی یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 22ی حوزەیرانی 2022، بە بڕیاری ژمارە (157) و لە خاڵی سێیەمدا ھەریەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤی راسپاردووە، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی رێنمایی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان. لێرەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دوای دوو مانگ و نیو لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی خۆی بۆ دەرچوواندنی رێنماییەکان دەربڕی".
ئاماژەی بەوەشداوە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندی پەیڕەوکردنی شەفافیەتە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و بەکردەییش ئەوەی جێبەجێی کردووە".