قوباد تاڵه‌بانی: زیاتر له‌ 50 پڕۆژه‌ی سلێمانی به‌گه‌ڕ ده‌خرێنه‌وه‌

هەر بەڕێوەبەرێک کاری پێناکرێت، با دەست لەکاربکێشێتەوە
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای سلێمانی، داوایکرد لەماوەیەکی دیاریکراودا ٥٥ پڕۆژەی وەبەرهێنەران بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و جەختیکردەوە لەوەی هەر بەڕێوەبەرێک کارەکەی پێنەکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە.

کۆبوونەوەکەی ئه‌مڕۆ، دوای ئەوە هات، کە قوباد تاڵەبانی لە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو لەگەڵ وەبەرهێنەرانی سلێمانی کۆبووەوە و تێیدا وەبەرهێنەران رەخنە و گلەییان هەبوو لە چۆنییەتی هەڵسوکەوت و مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی بەڕێوەچوونی کاروباری وەبەرهێنەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی و رایگەیاند هاووڵاتیان خۆیان بە دەست کۆمەڵێک کێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن، بۆیە مایەی قبوڵکردن نییە بارگرانی سەرشانی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاتر بکەن. وتیشی ئەو بەڕێوەبەرەی خەمساردی لەکارەکانی دەکات بابچێتەوە ماڵەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، رێگە نادرێت جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی لەوە زیاتر لاواز بکرێت و وەبەرهێنەران ناچاربکرێن سەرمایەکانی خۆیان ببەنە دەرەوە، چونکە بەمە زیانی گەورە بەر سلێمانی کەوتووە و دانیشتوانی شارەکە  بە هەزاران هەلی کاریان لە کیس چووە.

باسی لەوەشکرد، کاتێک پڕۆژەی وەبەرهێنەرێک دێتە بەردەستتان، ئێوە وەک وەرقەیەکی سادە سەیری دەکەن، کەچی ژیان و قوتی سەدان کەس بەو وەرقە سادەوە گرێ دراوە و لەوانەیە تەنها بەهۆی کەمتەرخەمی بەڕێوەبەرێکەوە سەدان هەلی کار لە کیس بچێت.

هەرلەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران هۆشداری دایە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کە چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناکات و راشکاوانە رایگەیاند لێرە بە دواوە هیچ جۆرە خەمساردی و کەمتەرخەمییەک لەهیچ بەڕێوەبەر و بەرپرسێک قبوڵ ناکات، تیمێکی چاودێری پێکهێناوە و خۆی سەرپەرشتی تیمەکە دەکات.

قوباد تاڵەبانی داواشی لێکردن هەر لە دوای کۆبوونەوەکە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان وەک یەک تیم کاربکەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروست بکەن تاکو لەماوەی کەمتر لەمانگێک سەرجەم پڕۆژەکان بکەونە کار.

جەختیشیکردەوە خۆی راستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەکان دەبێت و لەهیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکرێت سەرانە و بەرتیل وەربگرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دەربڕی بۆ ئەوەی بەپێی یاسا هەموو دەسەڵاتەکانی خۆیان بەکاربهێنن بۆ کارئاسانیکردن و راییکردنی کاروباری وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان و راشیگەیاند بۆ هەر کارێکی باش کە خزمەت بە هاووڵاتیان بکات بە تەواوی توانایەوە پشتیوانیان دەبێت و رووبەڕووی هەر کەسێکیش دەبێتەوە کە بۆ کاری نایاسایی فشار بخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەستوەردان لە کارەکانیاندا بکەن.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دا کە بۆ ئەم پڕۆژانەی لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتییەکاندان، هیچ وەبەرهێنەرێک نابێت خۆی فەرمانگە بە فەرمانگە بگەڕێت تا کارەکانی جێبەجێ ببێت، بەڵکو دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکان خۆیان میکانیزمێک بدۆزنەوە و ئەگەر پێویستی کرد فەرمانبەرەکانیان رابسپێرن تا بە دوای جێبەجێکردنی کاری وەبەرهێنەران لە فەرمانگەکانی دیکە بکەون.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێکخستنەوەی دەوام لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی و ئاماژەی بەوەدا کە رۆژانە گلەیی و رەخنەی هاووڵاتیانی پێدەگات و ئاگادارە کە هاووڵاتیان لە مامەڵەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان رازی نین. لەمبارەیەشەوە رایگەیاند پێویستە بە زووترین کات بەڕێوەبەرایەتییەکان پێداچوونەوەیەک بە چۆنییەتی راپەڕاندانی کاروباری هاووڵاتیاندا بکەنەوە کە زۆرترین ئاسانکاری تێدابێت.

جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد ئەگەر بەڕێوەبەرێک یان فەرمانبەرێک ناتوانێت دڵسۆزانە کاری هاووڵاتیان جێبەجێ بکات و پابەندبێت بە کاتی دەوامەکەیەوە، با خۆی دەست لەکاربکێشێتەوە، چونکە خەڵکی دڵسۆزی دیکە هەیە لە جێی ئەوان خزمەتی هاووڵاتیان بکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، خەڵکی سلێمانی ماندوون و ناڕازین، بۆیە هەر بەڕێوەبەرێک با نەک لەبەر قسەی قوباد تاڵەبانی، بەڵکو لەبەر خاتری ئەو خەڵکە ماندووە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و دڵسۆزانە خزمەتی ئەو خەڵکە بکات.

بیریشی هێنانەوە، کە نابێت پۆستەکانیان وەک ئیمتیاز سەیر بکەن، بەڵکو پۆستیان پێدراوە تا خزمەتی خەڵک بکەن.

جەختیشیکردەوە رەزامەندی خەڵک لەسەروو هەموو شتێکەوەیە و چیتر رەزامەندی خەڵک ناکرێتە قوربانی کەمتەرخەمی هیچ بەرپرسێك.