دوو كه‌س له‌ چەمچەماڵ بەتۆمەتی مامه‌ڵه‌كردن به‌ دراوی ساختە دەستگیرکران

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تباری راگه‌یاند
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تباری راگه‌یاند

K24 – هه‌ولێر:

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تباری له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ راگه‌یاند كه‌ مامه‌ڵه‌یان به‌ دراوی ساخته‌وه‌ كردووه.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، دوو تۆمه‌تبار و بڕێك دراوی ساخته‌یان به‌ بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی (281) لە یاسای سزادان ده‌ستگیركردووه‌.

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئاشكرایكردووه‌، تۆمەتبارێک بەناوی (س، ھ، م) ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ بڕێک لە دراوی ساختەی پێبووە لە جۆری 100 دۆلاری ئەمه‌ریکی، هه‌روه‌ها پاش پشکنینی ماڵەکەی بڕێکی دیکەی دۆلاری ئەمریکی ساختە دەستیبەسەردا گیراوه‌، هه‌روه‌ها كه‌سی دووه‌میش بەناوی (ف، ع، ح) بەهەمان تۆمەت دەستگیرکراوه.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "له‌ ئه‌نجامی لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلی تۆمەتبار (س، ھ، م) چەندین وێنە، ڤیدیۆ و كورته‌نامه‌ بینراوه‌، کە تێیدا باس لە ئاڵوگۆڕی دراوی ساختە و مامەڵەکردن بەچەکەوە ده‌كه‌ن".