قوباد تاڵه‌بانی پیرۆزبایی له‌ لیز تراس ده‌كات

قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی

K24 - هەولێر :

ئەمڕۆ ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، "لیز تراس"ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد، بە پێی سیستەمی سیاسیی بەریتانیا، سەرۆکی حزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەبێتە سەرۆک وەزیرانی وڵات، له‌مباره‌یه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ تویتێكدا پیرۆزبایی ئاراسته‌ی "تراس" كرد.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بۆ "لیز تراس" ده‌نووسێت: "بۆ بوونتان بە سێیەمین سەرۆک وەزیرانی ئافرەتی شانشینی یەکگرتوو، پیرۆزه‌".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئێمە رێگایەکی دوورودرێژمان له‌ پێشه‌ و شایسته‌ین كه‌ هەرێمی کوردستان بکەینە شوێنێک، تێیدا ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا، گەشەبکەن".

لیز تراس، ساڵی 1975 لە ئۆکسفۆرد لەدایکبووە. ئەو گوتبووی باوکی و دایکی (کە مامۆستای بیرکاری و پەرستار بوون) لە حزبی پارێزگارانیش چەپتربوونە.

تراس لە قوتابخانە حکومییەکان خوێندوویەتی و پێشتر ئەندامی حزبی لیبرال دیموکرات بووە و ساڵی 1994 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حزبەدا، پشتگیری لە نەمانی پاشایەتی کرد.

ئەو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، بەکالۆریۆسی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری وەرگرت و دواتر وەک ژمێریار لە کۆمپانیای "شێل" کاری کرد و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری ناوەندێکی هزریی پاوانخواز بوو.

لە زانکۆ چالاکی سیاسی هەبوو و لەو سەردەمەدا بوو بە ئەندامی حزبی پارێزگاران. لیز تراس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵەکانی 2001 و 2005 کاندیدبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواجار ساڵی 2010 بە پشتگیریی دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، توانی بچێتە پەرلەمان. دوو ساڵ دواتر وەک یاریدەدری وەزیری پەروەردە یەکەم ئەرکی حکومی وەرگرت و ساڵی 2014 بوو بە وەزیری کشتوکاڵ و ژینگە.

تراس، تا ساڵی 2021 وەک وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی دارایی و وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی کاری کردووە و تا لەو ساڵەدا بوو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا.

ناوبراو پێش راپرسیی ساڵی ٢٠١٦ لایەنگری مانەوەی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بوو و پێیوابوو برگزیت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان و هەلی کار، بەڵام دوای سەرکەوتنی ریفراندۆمەکە، کەمکەم بۆچوونی گۆڕا و بوو بە لایەنگرێکی بەهێزی دەرچوونی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپا.

شانشینی یەکگرتوو پێکدێت لە بەریتانیای مەزن و بەشی باکووری دوورگەی ئێرلەندا و ژمارەیەک دوورگەی بچووک.

ئێرلەندای باکوور بە تاکە بەشی شانشینەکە دادەنرێت، کە خاوەنی سنووری وشکانییە و کۆماری ئێرلەندا کەرت دەکات.

جگە لەوە شانشینی یەکگرتوو بە ئۆقیانووسی ئاتلانتیک، دەریای باکوور، کەناڵی ئینگلیزی و دەریای ئێرلەند دەورە دراوە، تونێڵی دەریای مانش بەریتانی مەزن دەبەستێتەوە بە فەرەنساوە.

شانشینی یەکگرتوو خاوەنی سیستمێكی شانشینیی دەستوورییە، بە دەوڵەتێکی یەکگرتوو دادەنرێت.

حکومەتەکەی دەکەوێتە لەندەنی پایتەختەوە و بە سیستمی پەرلەمانی و ناوەندی بەڕێوەدەبرێت.

Fly Erbil Advertisment