نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له لیز ترا‌س ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له رێی تویته‌ره‌وه په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی نوێی پارتی پارێزگاران و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كرد.
نێچیرڤان بارزانی له په‌یامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: پیرۆزبایی له لیز ترا‌س ده‌كه‌م، به بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا و هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ لیز خواستووه و خواستی خۆی بۆ كاری هاوبه‌ش و به‌رده‌وامیدان به په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان هه‌ردوولا و پته‌وكردنی به‌ها هاوبه‌شه‌كان ده‌ربڕیوه.
ئه‌مڕۆ، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا لیز ترا‌س، وه‌ك سه‌رۆكی پارتی پارێزگارانی وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبژێردرا و به گوێره‌ی یاسای به‌ركار له به‌ریتانیا، سه‌رۆكی پارته‌كه راسته‌وخۆ ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی ئەیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2022) ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، "لیز ترا‌س"ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد. بە پێی سستەمی سیاسیی بەریتانیا، سەرۆکی حزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات.
"لیز ترا‌س" توانی بە بەدەستهێنانی 81 هەزار و 300 دەنگ بەسەر "ریشی سوناکی"ـی رکابەریدا (ئەو نزیکەی 60 هەزار دەنگی بەدەستهێنا) سەربکەوێت و بچێتە خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت.
"لیز ترا‌س"، دەبێتە میراتگری ئابوورییەک کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا هەڵاوسانی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
حکومەت چەند رێکارێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داناوە و مەبەست لێی، یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە ناتوانن پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و گاز بدەن.
بەشی پیشەسازی بەریتانیا هیوادارە سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە پشتگیری لەو پرۆژانە بکات کە پێش لە گرانتربوونی نرخی وزە دەگرێت.
خاتوو ترا‌س، بەڵێنیداوە هەفتەیەک دوای ئەوەی وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو، یارمەتی زیاتری هاونیشمانانی بدات.
ئەو، دەیەوێت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، پێشنیاری کەمکردنەوەی باجی تا ئاستی 30 ملیار پاوەند لە رێگەی بوودجەیەکی فریاگوزارییەوە، بدات.
خاتوو ترا‌س، تا ئێستا وردەکاریی پلانی خۆی بۆ پیشگرتن لە هەڵاوسانی زیاتر ئاشکرانەکردووە. ئەو تەنها باسی ئەوەی کردووە کە دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتی باجی ژینگە لەسەر وەسڵی وزە لاببات و پێش لە زیادبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بگرێت.
لیز ترا‌س کێیە؟
لیز ترا‌س، ساڵی 1975 لە ئۆکسفۆرد لەدایکبووە. ئەو گوتبووی باوکی و دایکی (کە مامۆستای بیرکاری و پەرستار بوون) لە حزبی پارێزگارانیش چەپتربوونە.
خاتوو ترا‌س لە قوتابخانە حکومییەکان خوێندوویەتی و پێشتر ئەندامی حزبی لیبرال دیموکرات بووە و ساڵی 1994 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حزبەدا، پشتگیری لە نەمانی پاشایەتی کرد.
ئەو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، بەکالۆریۆسی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری وەرگرت و دواتر وەک ژمێریار لە کۆمپانیای "شێل" کاری کرد و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری ناوەندێکی هزریی پاوانخواز بوو.
ئەو، لە زانکۆ چالاکی سیاسی هەبوو و لەو سەردەمەدا بوو بە ئەندامی حزبی پارێزگاران. لیز ترا‌س لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵەکانی 2001 و 2005 کاندیدبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواجار ساڵی 2010 بە پشتگیریی دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، توانی بچێتە پەرلەمان. دوو ساڵ دواتر وەک یاریدەدری وەزیری پەروەردە یەکەم ئەرکی حکومی وەرگرت و ساڵی 2014 بوو بە وەزیری کشتوکاڵ و ژینگە.
ترا‌س، تا ساڵی 2021 وەک وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی دارایی و وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی کاری کردووە و تا لەو ساڵەدا بوو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا.
خاتوو ترا‌س پێش لە راپرسیی ساڵی 2016 لایەنگرنی مانەوەی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بوو و پێیوابوو برگزیت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان و هەلی کار، بەڵام دوای سەرکەوتنی ریفراندۆمەکە، کەمکەم بۆچوونی گۆڕا و بوو بە لایەنگرێکی بەهێزی دەرچوونی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپا.