وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتنی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسی ئاشکرا کرد
"هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رێککەوت"

K24 - ههولێر:
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری لە بازاڕی نەوت و هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان رێککەوت.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن بۆ مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو، رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر بەرهەمبهێنن.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، عێراق رۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەمدەهێنێت، واتە ئاستی بەرهەمهێنان لە 4 ملیۆن و 663 هەزار بەرمیلەوە بۆ 4 ملیۆن 651 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی ئۆپێک پڵەس، وەزیری وزەی سعوودیەیان راسپارد کە هەر کات پێویستی کرد بە گوێرەی بازاڕ دەستوەردان لە ئاستی بەرهەمهێنان بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەر لە کۆبوونەوەکان رووسیا دژایەتی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان راگەیاندبوو، داوای کردبوو کە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان زیان بە داهاتی وڵاتەکەی دەگەیەنێت لە کاتێکدا ئێستا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە دووچاری زیان بووە.
لەسەر ئاستی جیهانیش، چەندین جار ئەمریکا و وڵاتانی هاوردەکار داوای بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان کردبوو، چونکە بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە، نرخی سووتەمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەوەش رێژەی هەڵاوسانی لە زۆربەی وڵاتان بەرزکردەوە.
بە تایبەت لە ئەمریکا لە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردوویەتی و لە ولاتانی ئەوروپاش لە بەرزترین ئاستیدایە و کێشەی بۆ سیاسەتی داراییان دروستکردووە.