پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند
"تۆمەتبارەکان لەسەر دزیکردن سکاڵایان لەسەر تۆمارکرابوو"

K24 - سلێمانی:
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لهچهند چالاكییهكدا مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی پێنج تۆمهتباریان بهتۆمهتی چهند تاوانێكی دزیكردن دهستگیركرد.
لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانیدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ی ئەیلولی 2022) ئاماژەی بەوەداوە، کە دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگاری سكاڵای تۆماركرد كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دزی لێكراوە، دهستبهجێ هێزهكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو دوای گەڕان و بەدواداچونەكان توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت، تۆمەتبار دانی بهتاوانهكهیدا ناوه، كه ههستاوه بهشكاندنی جامی ئۆتۆمبێلی سكاڵاكار و بڕی دوو ملیۆن دیناری بردووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە تۆمەتبار (س، ش، ع) لەدایكبووی 1992 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "لە چالاكییەكی دیکەدا لەلایەن مهفرهزهكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رۆژئاوا بەهاوكاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین، لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە پێنج تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە، لە ئێستادا ههردوو تۆمەتبار (س، ر، ش) لەدایكبووی 1985 و (ئ، ج، م) لەدایكبووی 1994 بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوان".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، "لە چالاكییەكی دیکەدا لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك كە دزی لە ماڵەكانیان كرابوو، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رۆژئاوا دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، بهناوهكانی (ش، ر، خ) لەدایكبووی 2001 و (م، م، س) لەدایكبووی 1983 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون".