ئاسایشی هەولێر دوو خوشکی دەستگیرکرد "سەری دایک و برایەکیان بڕیووە"
K24 - هەولێر
دوو خوشکی داواکراو لەلایەن حکومەتی عێراقهوه لەسەر تاوانی کوشتنی دایک و برایەکیان، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی دهۆک لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیرکران.
لەسەر داوای حکومەتی عێراق، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر، دوو خوشکیان دەستگیرکرد، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری تکریت دایک و برایەکی خۆیان سەربڕیبوو و لاشەکانیان سووتاندبوون.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای رووداوەکە ئەو دوو خوشکە لە پارێزگای تکریتەوە بەرەوە هەولێر دواتر بەرەوە دهۆک رایانکردبوو بۆ ئەوەی بگەن بە وڵاتی تورکیا، بەڵام هێزەکانی ئاسایش توانیان هەردوو خوشکەکە دەستگیربکەن.
کوردستان24 بۆ یەکەمجار دانپێدانانی دوو خوشکەکەی بڵاوکردەوە، یەکێک لەو خوشکانە دەڵێت: "لەگەڵ خوشکەکەم لە چێشخانەی ماڵەوە نانمان دەخوارد، خوشکەکەم بە پلایس لەسەری دایکمی دا و پێی گوت، ئەمڕۆ تۆ لەژێر دەستی من تەواو دەبیت، دواتر براکەشم هات گوتمان هەردووکیان تەواو دەکەین".
کوشتنی دایک و کوڕێک لە شاری تکریت، لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاستی عێراق دروستکرد، بەشێکی زۆر لە خەڵکی شارەکەش داوایان دەکرد، حکومەتی عێراق بە هەرشێوەیەک بێت بکوژانیان دەستگیربکات و بەسزای یاسایی خۆیانیان بگەیەنن، دوای بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەرکەوت بکوژان شارەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش وایکرد، حکومەتی عێراق داوایەک ئاراستەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکات، تاوەکو هەوڵ بۆ گەڕان بەدوایاندا بکەن، سەرلەبەیانی رۆژی 7/9/2022، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکران.
وردەکاری و چۆنییەتی دەستگیرکردنیان و چیرۆکی تاوانەکەیان، بەمزووانە لە بەرنامەی شوێنپەنجەی کوردستان24 پەخشدەکرێت.