تره‌مپ: هه‌مووان ده‌یانه‌وێت خۆم كاندید بكه‌مه‌وه
خه‌ڵكێكی زۆر دڵخۆش ده‌بن

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، رایگه‌یاند، هه‌مووان ده‌یانه‌وێت خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كاندید بكاته‌وه.
تره‌مپ له باره‌ی خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له 2024دا وتی: ئه‌گه‌ر خۆم كاندید بكه‌مه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر دڵخۆش ده‌بن.
تره‌مپ ئه‌م قسانه‌ی له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنی هیندستانیی كردن، كه بڕیاری ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه په‌خش بكرێت.
كه‌ناڵی "NDTV" چه‌ند گرته‌یه‌كی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی بڵاوكرده‌وه و له میانی قسه‌كانیدا تره‌مپ ده‌ڵێت: به‌ڵێ زۆرێك له خه‌ڵك خۆشحاڵن به‌وه‌ی جارێكی دیكه خۆم بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاندید بكه‌مه‌وه.
وتیشی: له راپرسییه‌كاندا من له پێشه‌وه‌م، له‌و راپرسیانه‌دا خه‌ڵكی سه‌ر به كۆماری و دیموكراتییه‌كان به‌شداریان كردووه.
هه‌روه‌ها وتی: له داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا بڕیاری خۆم ده‌ده‌م و بڕواشم وایه خه‌ڵكێكی زۆر دڵخۆش ده‌بن.
تره‌مپ، ئێستا ته‌مه‌نی 76 ساڵه و ملیاردێرێكی ئه‌مه‌ریكایه و پێشتر ئه‌ستێره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی بووه و دوای چوار ساڵ له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له هه‌ڵبژاردنی 2020دا جۆزێف بایدن، كاندیدی دیموكراته‌كان توانی سه‌ركه‌وێت و كۆتایی به ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تره‌مپ بهێنێت.
مانگی رابردوو، هێزه‌كانی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵی تره‌مپ له مارالاگۆی فلۆریدا و به گومانی شاردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنی سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی له ماڵه‌كه‌یدا، ماڵی تره‌مپیان پشكنی.
سه‌رچاوه: AFP