زیاتر له سێ هه‌زار كه‌س له كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق گه‌ڕانه‌وه‌ی 766 خێزانی عێراقی له كه‌مپی هۆل له سووریا راگه‌یاند، دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی دڵنیابوونه‌وه‌ی ئاسایش بۆ هه‌ریه‌كێكیان.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (9ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، 766 خێزانی عێراقی كه ژماره‌یان 3090 كه‌سه و زۆرینه‌یان به‌ساڵاچووان و ژن و منداڵن، له كه‌مپی هۆلی سووریایه‌وه گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ عێراق.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، ئه‌و خێزانه عێراقییانه راسته‌وخۆ ناگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ شوێنی نیشته‌جێبوونی پێشووی خۆیان له عێراق، به‌ڵكو له‌ژێر چاودێری ته‌ندروستی و ده‌روونیدا ده‌بن تاوه‌كو جارێكی‌تر به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه ببنه‌وه.
عه‌لی عه‌باس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، به‌پێی بڕیاری ژماره حه‌فتی ساڵی 2021ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانه عێراقییانه كراوه له كه‌مپی هۆل، دوای دڵنیابوونه‌وه له سه‌لامه‌تییان له رووی ئاسایشه‌وه، بریاری گه‌ڕانه‌وه‌یان دراوه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌و خێزانه گه‌ڕاوانه سه‌ره‌تا له كه‌مپی جه‌دعه له باشووری شاری موسڵ نیشته‌جێ ده‌كرێن و له‌لایه‌ن تیمێكی تایبه‌ته‌وه بۆ ماوه‌ی چوار مانگ له رووی ده‌روونییه‌وه هاوكاری ده‌كرێن.
كه‌مپی هۆل ده‌كه‌وێته دووری 45 كیلۆمه‌تر له رۆژهه‌ڵاتی شاری حه‌سه‌كه و گه‌وره‌ترین كه‌مپی كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعشه و 71 هه‌زار كه‌سی له‌خۆگرتووه.
پێشتریش وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگه‌یاندبوو، 29 هه‌زار عێراقی له‌و كه‌مپه‌دا نیشته‌جێكراون.