ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی: زیاتر لە 30 شارۆچکەمان وەرگرتووەتەوە

ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا
ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، ئاشکرایکرد کە سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەیدا، زیاتر لە 30 شارۆچکەی ناوچەی خارکێف لە هێزەکانی رووسیا وەربگرێتەوە.

سەرۆککۆماری ئۆکرانیا رۆژی هەینی 9ـی ئەیلول، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، سوپای ئۆکرانیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی وڵاتیان ئازادکردووەتەوە.

بە پێی قسەکانی زێلێنسکی، لە چەند قۆڵ و بەرەیەکی دیکەی شەڕ، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئۆکرانیا سەرکەوتووبوونە.

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، لەوبارەوەیە بڵاویکردەوە، رووسیا دوای رۆژێک بێدەنگییەکەی شکاند و دانی بەوەنا کە سوپای ئۆکرانیا لە بەرەکانی نزیک شاری خارکێف (دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا) سەرکەوتووبوونە.

ڤیتالی گانچف، بەرپرسێکی پشتگیریکراوی رووسیا لە ناوچەی خارکێف، رایگەیاندووە کە هێزەکانی ئۆکرانیا هێڵی پێشەوەی بەرەی سوپای رووسیایان بڕیوە و سەرکەوتنی "بەرچاو"ـیان بەدەستهێناوە.

ئەو هەروەها گوتی: هەوڵدەدین بەپێی توانای خۆمان پێش لە پێشڕەوەی دوژمن بگرین، بەڵام ئێستا چەندین شارۆچکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە.

ڤیتالی گانچف، ئاشکراشیکردووە کە هاووڵاتیان خەریکی چۆلکردنی چەند شارۆچکەیەکن، لەوانە شارۆچکەی ئیزیۆم (بنکەیەکی سەرەکیی لایەنگرانی رووسیا و ناوەندێکی گرنگی ناوچەکەیە).

ئالێکسی ئارێستۆڤیچ، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە یوتیوب بڵاویکردبووەوە، دەڵێت "هێزەکانی رووسیا لە شاری ئیزیۆم، گەمارۆ دراون".

ئەو گوتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هێڵی پێشەوەی شەڕ بەدەستم گەیشتووە، سەدان چەکداری رووسیا کوژراون و سەدانی دیکەش بەدیل گیراون.