ئەمڕۆ خەڵکی سوید نوێنەرەکانیان هەڵدەبژێرن
ژمارەیەک لە کاندیدەکان کوردن
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانی پەرلەمان، شارەوانییەکان و ئەنجومەنی هەرێمەکان لە سوید بەڕێوەدەچێت.
ئاوارە هەورامی پەیامنێری کوردستان24 لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە دەستپێدەکات تا کاتژمێر 8ی شەو بەردەوام دەبێت و دەنگدەران لە شەش هەزار بنکە دەنگ بە کاندیدەکانیان دەدەن.
گوتیشی: "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان 100 پارتی وڵاتەکە مافی بەشداریکردنیان هەیە، 321 پارتیش بۆیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و 122 پارتیش بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەکان".
خەڵکی سوید 349 نوێنەر بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن، کە لەو ژمارەیە %47ی ژنن.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سوید 15 کورد بۆ خولی داهاتوو کاندیدن، پێشبینی دەکرێت لە هەرسێ هەڵبژاردنەکەدا ژمارەیەک کاندیدی کورد دەنگی پێویست بەدەستبێنن.
ژمارەی دانیشتوانی سوید 10 ملیۆن و 200 هەزار کەسە، کە لەو ژمارەیەشدا 7772120 کەس لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمان مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ ئەنجومەنی شارەوانیەکانیش 8196423 کەس و بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەکانیش 8147129 کەس دەتوانن دەنگ بدەن.
دوێنێ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، ماگدەلێنا ئاندێرسۆن سەرۆك وەزیرانی سويد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێكی كوردستان24دا کە بۆچی دەبێت رەوەندی کوردی لە ھەڵبژاردنی سوید دەنگ بە سوسیال دیموکرات بدەن. رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی ئێمە ئەو پارتەین کە دەمانەوێت وەک ھەمیشە ھێزی سوید پێکەوە ببەینە پێشەوە. رێز لە یەکتری بگرین و یەکتر قبووڵ بکەین".