11 زیاره‌تكاری ئێرانی و شوفێرێك گیانیان له‌ده‌ست دا

K24 – هه‌ولێر:
له ناوه‌ڕاستی عێراقدا، له ئه‌نجامی به‌یه‌كدا كێشانی پاسێكی زیاره‌تكاران و بارهه‌ڵگرێك، ئاگر كه‌وته‌وه و 11 زیاره‌تكاری ئێرانی و شوفێرێكی عێراقی گیانیان له‌ده‌ست دا.
به گوێره‌ی زانیارییه ره‌سمییه‌كان، نزیكه‌ی دوو ملیۆن زیاره‌تكاری ئێرانی به مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له رێوڕه‌سمی تازیه‌باری شیعه‌كان به بۆنه‌ی چله‌ی پێشه‌وا حوسێنه‌وه گه‌یشتوونه‌ته كه‌ربه‌لا.
به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندنی ته‌ندرووستی بابل، ئه‌حمه‌د ئه‌لجبووری رایگه‌یاند، پاسێكی زیاره‌تكاران و بارهه‌ڵگرێك له سه‌ر رێگه‌یه‌كی پارێزگای بابل، له باشووری به‌غدا خۆیان به‌یه‌كدا كێشاوه.
به گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان، له ئه‌نجامی ئه‌و رووداوه‌دا ئاگر له پاسه‌كه به‌ربووه و ژماره‌یه‌ك له سه‌رنشینه‌كانی سووتاون.
ئه‌لجبووری وتی: ده‌ستبه‌جێ 11 ئێرانی و شوفێرێكی عێراقی گیانیان سپاردووه و چوار برینداریش له دۆخێكی سه‌خت دان.
وتیشی: شوفێری بارهه‌ڵگره‌كه‌ش ئێرانییه و به هۆی ئه‌و رووداوه ده‌ستگیر كراوه.
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ناوخۆی ئێران، ماجد میر ئه‌حمه‌دی داوای لێبوردنی كرد، له‌وه‌ی زانیاری وردی سه‌باره‌ت به ژماره‌ی قوربانیان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه، به هۆی توندی خۆبه‌یه‌كدا كێشان و ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كه.
ئاژانسی میهری كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكرده‌وه، ته‌رمی قوربانییه ئێرانییه‌كان ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئێران به مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌یان.
عێراقی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت، ژێرخانی رێگاوبانی چه‌ندین ساڵه نۆژه‌ن نه‌كراوه‌ته‌وه و رێگه خێرا و پرد و پێداویستییه‌كانی هاتوچۆی وه‌ك پێویست بۆ دابین نه‌كراوه و هۆكاره‌كه‌ش بۆ بێ توانایی و گه‌نده‌ڵی كابینه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه.
جاده‌كانی عێراق پڕ بوون له چاڵ و چۆڵ، كه هه‌ندێكیان شه‌وان زیانی زۆر به‌و ئۆتۆمبێلانه ده‌گه‌یه‌نن، شوفێره‌كان له دووره‌وه به‌دییان ناكه‌ن.
به‌رپرسانی خۆجێی عێراق، هۆكاری زۆری رووداوه‌كان بۆ خێرا لێخوڕین، به‌كارهێنانی مۆبایل، خواردنه‌وه‌ی مه‌ی و مادده‌ی بێهۆشبه‌ر ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
له 2021دا، 4800 كه‌س له رووداوه‌كانی هاتوچۆدا له عێراق گیانیان له‌ده‌ست داوه، واته رۆژانه زیاتر له 13 كه‌س به رووداوی هاتوچۆ گیانیان سپاردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له مانگی ته‌مموز/ یۆلیۆی رابردوو، وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراق رایگه‌یاند.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس