ئازاد محەمەد ئەمین: لەکاتی بوومەلەرزەکەوە سێکتەری تەندروستی دەربەندیخان نەهاتووەتە سەرخۆی

کۆنگرەی رۆژنامەوانی رزگار محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
کۆنگرەی رۆژنامەوانی رزگار محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

K24 - سلێمانی

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: لەکاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017ـەوە تائێستا سێکتەری تەندروستی دەربەندیخان نەهاتووەتە سەرخۆی.

ئەمڕۆ 13ی ئەیلوولی 2022، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە ساڵی 2017ـەوە لەوکاتەوەی بوومەلەرزە روویداوە لە دەربەندیخان سێکتەری تەندروستی نەهاتووەتە سەرخۆی، گلەیی ئەوەش هەیە تائێستا گرفتی هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی دەربەندیخان چارەسەر نەکراوە، بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێتەوە و نەشتەرگەری تێدا بکرێت، دەبێ هاووڵاتییان بۆ نەشتەرگەری لە دەربەندیخانەوە بێنە سلێمانی، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی خەڵکی دەربەندیخان تەواو نەبوونی پڕۆژەی چاککردنی رێگای سەرەکی دەربەندیخان-سلێمانییە".

ئەمڕۆ ژمارەیەک هاووڵاتی دانیشتووی دەربەندیخان بە رێپیوانەوە لە دەربەندیخان چوونە سلێمانی، بۆ ئەوەی کێشە و گرفتەکانیان بگەیەنە ئەنجومەنی پارێزگا، بەتایبەتی خراپی رێگاکەیان کە بە زۆرجار بە رێگای مەرگ ناودەبرێت.

سەبارەت بە کێشەی ئاوی دەربەندیخان، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "کێشەی ئاوی دەربەندیخان یەکێکە لە کێشەکان پڕۆژەی ئاو کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەکراوە، ناکرێ خەڵکی دەربەندیخان لە پەنای زێی ئاوبن و ئاوێکی پاکی خواردنەوەیان نەبێت".

داواشیکرد، جگە لە بەدواداچوونی ئەوان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمێکی راسپێردراوی هاوبەشی تەندروستی، شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە بنێرێتە دەربەندیخان، بۆ ئەوەی گرفتەکانیان چارەسەر بکەن.

Fly Erbil Advertisment