ته‌رمی ئێلیزابێسی دووەم چوار رۆژ لە ھۆڵی مێژوویی وێستمینستەر دەمێنێتەوە

ته‌رمی ئێلیزابێسی دووەم چوار رۆژ لە ھۆڵی مێژوویی وێستمینستەر دەمێنێتەوە
ته‌رمی ئێلیزابێسی دووەم چوار رۆژ لە ھۆڵی مێژوویی وێستمینستەر دەمێنێتەوە

K24 – هەولێر:

ئەو تابوتەی کە تەرمی ئێلیزابێسی دووەمی تێدایە، لە کۆشکی باكینگهامەوە بە 38 خولەک له‌سه‌رشان بەرەو ھۆڵی مێژوویی وێستمینستەر بەڕێکرا، کە شا چارلسی سێیەم و برا و کوڕەکانی بەشدارییان تێداکرد و بۆ ماوەی چوار رۆژ لەوێ دەمێنێتەوە، تاکو رۆژی 19ـی ئەیلوول بەخاک دەسپێردرێت.

ھۆڵی مێژوویی وێستمینستەر کۆنترین بەشە لە کۆشکی وێستمینستەر، کە پەرلەمانی بەریتانیا لەخۆدەگرێت و ئەو تابوتەی کە تەرمی شاژنی تێدایە، بۆ ماوەی چوار رۆژ لەوێ دەمێنێتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکاریی بۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی، کە رۆژی دووشەممەی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە تەرمی شاژنە ئێلیزابێس، رۆژی 19ـی ئەیلوول لە رێوڕەسمێکدا لە کڵێسای ئابێی لە وێستمینستەر بە ئامادەبوونی زۆربەی سەرۆک و نوێنەری وڵاتان بەخاکبسپێردرێت.

پێشبینی ده‌كرێت زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س له‌ پادشا، سه‌رۆك، سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كانی جیهان و به‌ریتانیا له‌ كه‌نیسه‌ی وێستمنسته‌ر له‌ مه‌راسیمی به‌ خاكسپاردنی شاژنی كۆچكردووی به‌ریتانیا ئاماده‌بن.

شاژنه‌ ئێلیزابێسی دووه‌م، شاژنی به‌ریتانیا له‌ ته‌مه‌نی 96 ساڵییدا كۆچی دواییكرد.

ناوی ته‌واوی ئێلیزابێس ئه‌لیكسه‌ندرا مارییه‌، له‌ (1926) له‌ له‌نده‌ن له‌دایكبووه‌، له‌ 6ی شوباتی 1952، ته‌ختی پاشایه‌تی به‌ریتانیا وه‌رگرتووه‌.

پادشای 15 وڵات بووه‌ له‌ یه‌كێتی كۆمێنوێلس، كه‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سیسته‌می پاشایه‌تی به‌ریتانیادان.

له‌ ساڵی 1947، له‌گه‌ڵ میر فلیپ هاوسه‌رگیری كردووه‌ و خاوه‌نی چوار كوڕبوون، كه‌ میر چارلس كوڕی گه‌وره‌یان له‌دوای خۆی وه‌ك جێنشینی فه‌رمی بووه‌ پادشای به‌ریتانیا‌.

رۆژی (8ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن كۆشكی باكینگهامه‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم راگه‌یه‌ندرا.

ماوه‌ی زیاتر له‌ 70 ساڵ، له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی به‌ریتانیا مایه‌وه‌، كه‌ بووه‌ درێژترین ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پاشاكانی به‌ریتانیا له‌ مێژوودا.

Fly Erbil Advertisment