رۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنی هێزه‌كانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچەی قەرەحەسەن بەڕێوەچوو

هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌  رایده‌گه‌یه‌نێت، رۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە، لە سنووری ناوچەی قەرەحەسەن بەڕێوەچوو.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 14ـی ئەیلوولی 2022)، لە میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ دووەم رۆژ ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی سنووری ناوچەی قەرەحەسەن، لە گوندەکانی سیامەند سوور، قشڵاخ، فەرقان، پەڵکانە، بزڵە و شێخ جیری بەردەوامبوو.

ئۆپەراسیۆنەکە، لە دوو قۆڵەوە دەستیپێکرد و ماوەی شەش کاتژمێر و نیو بەردەوام بوو، کە تێیدا یەکەکانی سەر بە لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربوون.

ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە دێت، تیرۆریستانی داعش لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ترس و دڵەڕاوکێیان لەناو هاووڵاتیانی ناوچەکەدا بڵاوکردبووه‌وه‌، بۆ دڵنیاکردنەوە و نەهێشتنی مەترسی و پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچەکە، هێزەکانی پێشمەرگە ئەو ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجامدا، کە کێوماڵی تەواوی ناوچەکەیان کرد و هێزی زیاتری پێشمەرگە لە سنوورەکە جێگیر دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment