ئه‌مه‌ریكا به بڕی 600 ملیۆن دۆلاری دیكه هاوكاری ئۆكرانیا ده‌كات
واشنتن ره‌تیكرده‌وه مووشه‌كی دوور مه‌ودا بداته ئۆكرانیا
K24 – هه‌ولێر:
كۆشكی سپی رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به بڕی 600 ملیۆن دۆلاری دیكه مووشه‌ك و راجیمه‌ی هیمارس و چه‌كی گرنگ به سوپای ئۆكرانیا ده‌دات.
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا، روونیكردووه‌ته‌وه، وێڕای پێدانی چه‌ك به ئۆكرانیا، خزمه‌تگوزاری دیكه‌ش ده‌درێـته سوپای ئۆكرانیا، به تایبه‌تی له رووی راهێنانی جه‌نگییه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مجاره‌یان بڕێكی زۆرتر له راجیمه‌ی هیمارس، ده‌درێته سوپای ئۆكرانیا، كه زۆر به وردی نیشانه ده‌پێكن، هه‌روه‌ها تۆپی قورسی پێ ده‌درێت.
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا پێشتر چه‌ند بارێك كۆمه‌كی سه‌ربازی پێشكه‌شی ئۆكرانیا كردووه، له‌وانه راداری دژی تۆپ و زرێپۆش و راداری تایبه‌ت به فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان و كه‌رسته‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مینی داوه‌ته سوپای ئۆكرانیا.
ئه‌نتۆنی لینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، پێدانی ئه‌و كۆمه‌كه سه‌ربازییه رێڕه‌وی شه‌ڕ به سوودی سوپای ئۆكرانیا ده‌گۆڕێت.
وتیشی: په‌یامی بایدن زۆر روونه و پێداگره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هاوكاری ئۆكرانیا بكرێت، مادام پێویستیی پێیه‌تی.
پێشتر ئۆكرانیا داوای كردبوو، ئه‌مه‌ریكا مووشه‌كی دوورمه‌ودای جۆری "ئاتاكامس"ـی پێ بدات، كه مه‌ودای 300 كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت، به‌ڵام ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكرده‌وه.
هه‌فته‌ی رابردوو، سه‌رۆك ئه‌ركانی ئه‌مه‌ریكا، مارك میلی وتی: ئۆكرانیا داوای ئه‌و مووشه‌كانه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و جۆره مووشه‌كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی سوپای ئۆكرانیا مووشه‌كبارانی ناو خاكی رووسیا بكات و ئه‌مه‌ریكا ترسی له‌وه‌یه، ئه‌و مووشه‌كه بداته سوپای ئۆكرانیا، قه‌یرانه‌كه ئاڵۆزتر ببێت.
میلی وتیشی: باوه‌ڕم وایه مه‌ودای مووشه‌كی هیمارس به‌سه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ئۆكرانییه‌كان له شه‌ڕی ئێستایاندا.
له 24ی شوباتی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه له ئۆكرانیا شه‌ڕه و ئه‌مه‌ریكا به بڕی 15.8 ملیار دۆلار كۆمه‌كی سه‌ربازی پێشكه‌ش به ئۆكرانیا كردووه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس