تاڵیبان: ئه‌مه‌ریكا سامانی ئه‌فغانییه‌كانی زه‌وت كردووه
حه‌وت ملیار دۆلاری ئه‌فغانییه‌كان له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بلۆك كراوه و ده‌یه‌وێت نیوه‌ی ته‌رخان بكات بۆ قه‌ره‌بووی قوربانیانی 11ی سێپتێمبه‌ر
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی ئیماره‌تی ئیسلامی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیگرتووه به‌سه‌ر سامانی ئه‌فغانستاندا و نایه‌وێت ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رده‌ستی وڵاته‌كه‌ی.
ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، پلانی هه‌یه سندووقێكی نه‌ختینه له ده‌ره‌وه درووست بكرێت و 3.5 ملیار دۆلاری یه‌ده‌گی ئه‌فغانستانی تێدا دابنرێت.
پێشتر ئه‌مه‌ریكا پاره‌ی بانكی ناوه‌ندی ئه‌فغانستان، كه 7 ملیار دۆلاری تێدابوو، له سه‌روبه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ كابووڵ بلۆكی كردووه و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی درووستبوونی برسێتی و هه‌ژاری له وڵاته‌كه‌دا.
ئه‌مه‌ریكا نیازی هه‌یه نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه ته‌رخان بكات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی رووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ر و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی به ناوی یارمه‌تی مرۆیی ره‌وانه‌ی ئه‌فغانستان بكاته‌وه.
كابووڵ رایگه‌یاند، پێویسته ئه‌مه‌ریكا ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌ڵكی ئه‌فغانستان و ئێستا به‌ره‌و زستان و داڕمانی ئابووری ده‌چین و بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی وێرانكار له وڵاتی داوه و پێویستمان به پاره‌ی وڵاته‌كه‌مانه.
ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت، 3.5 ملیار دۆلاری یه‌ده‌گی ئه‌فغانستان بخاته سندووقێكه‌وه و به بێ به‌شداری تاڵیبان بۆ ئه‌فغانستانی خه‌رج بكاته‌وه.
زه‌بیحوڵڵا موجاهید، گوته‌بێژی ئیماره‌تی ئیسلامی رایگه‌یاند، ئه‌وه ئه‌مه‌ریكایه سامان و قوتی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مانی زه‌وت كردووه.
وتیشی: ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌یكات شه‌ڕه له دژی سامانی ئه‌فغانییه‌كان، ئه‌و پاره‌یه موڵكی ئه‌مه‌ریكا نییه تا مامه‌ڵه‌ی پێوه بكات.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، پێویسته ئه‌مه‌ریكا به بێ هیچ مه‌رجێك ئه‌و پاره‌یه راده‌ستی ئه‌فغانستان بكاته‌وه.
جێگری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا والی ئادیمو له نامه‌یه‌كدا بۆ بانكی ناوه‌ندی ئه‌فغانستان رایگه‌یاندووه، ئێستا هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌فغانی نییه ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه بكات، ئه‌و پاره‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌فغانییه‌كان خه‌رج ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجه به‌دی نه‌یه‌ت، ئه‌وا ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بۆ پشتیوانی گه‌لی ئه‌فغانستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدا ده‌بێت.
له به‌رامبه‌ردا، تاڵیبان رایگه‌یاندووه، هه‌ر كه‌س و بانك و لایه‌ن و قه‌واره‌یه‌ك هاوكار بێت بۆ ته‌خشان و په‌خشان كردنی ئه‌و سامانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌فغانستان و له رێگه‌یه‌كی دیكه جیا له رێگه‌ی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری ئابووری بۆ وڵات خه‌رج بكرێت، ئه‌وا ناچارین سزای توندی دارایی به‌سه‌ردا بسه‌پێنین و رێگه نه‌ده‌ین كار بكات.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس