ئێران دەستگیرکردنی 739 خۆپیشاندەری لە پارێزگای گیلان راگەیاند

ئێران دەستگیرکردنی 739 خۆپیشاندەری لە پارێزگای گیلان راگەیاند
ئێران دەستگیرکردنی 739 خۆپیشاندەری لە پارێزگای گیلان راگەیاند

K24 - هەولێر:

مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، شەپۆلێکی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ئێران بەدوای خۆیداهێنا، لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای گیلان باکووری رۆژهەڵاتی ئێراندا، 739 کەس دەستگیرکران، کە 60 یان ئافرەت بوون.

ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران، لە زاری عەزیزوڵڵا مەلەکی بەڕێوبەری ئاسایشی پارێزگای گیلان، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە هێزەکانی پۆلیس و سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی گشتیی دەکەن و لەو نێوەندەشدا 739 کەس دەستگیرکران.

مەلەکی راشیگەیاندووە، 60 لە دەستگیرکراوەکان ئافرەت بوون، بەشێکی زۆریشیان دانیشتووی پارێزگای گیلان نەبوون و بۆ نانەوەی ئاژاوە و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتیی و تایبەتی لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوونەتە شارەکە.

باسی لەوەش کرد، تۆڕێکی گێرەشێوێنییان ئاشکراکردووە و دواتر ئەندامانی تۆڕەکە بەندکراون، لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆری چەکدا گیراوە.

مەلەکی دەربارەی بوونی حاڵەتی گیانلەدەستدان لە خۆپیشاندانەکانی گیلاندا، هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە 104 پۆلیس برینداربوون و ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی گشتی زیانیانپێگەیشتووە.

مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ئەیلوول لە دوای دەستگیرکردنی لەلایەن "پۆلیسی رەوشت" کە چاودێری شێوازی پۆشینی جلوبەرگی ئافرەتان لە ئێران دەکات، کاردانەوەی فراوانی لەسەرانسەری وڵاتەکە لێکەوتەوە.

پێشتر له‌ راگەیەندراوی پۆلیسی تاران بڵاوکرایەوە، کە پۆلیسی رەوشت ژینا ئەمینی-یان بۆ ماوه‌ی یەک کاتژمێر بۆ لێکۆڵینەوە بردووەتە بنکەی پۆلیس و لەوێ بەهۆی ئەوەی لەناکاو بووراوەتەوە و کێشەی لە دڵیدا هەبووە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن تەلەڤیزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوەکراوەتەوە، دوای هێنانی ژینا ئەمینی بۆ بنکەی پۆلیس و گفتوگۆکردنی لەگەڵ کارمەندێکدا، دەبورێتەوە و بەردەبێتەوە.

چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، روونکردنەوەکانی پۆلیس بەوەی ژینا ئەمینی لە ناکاو لەهۆش خۆیچووە رەتدەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژینا پێش ئەوەی بهێندرێتە بنکەی پۆلیس لێیدراو و ئەشکەنجەدراوە.

دوای رێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی لە 17ـی ئەیلوول لە شاری سەقز، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە تاران و چەندین شاری رۆژئاوای وڵاتەکە دەستی پێکردبوو.

تاکو ئێستا لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بەتایبەت لە تاران، سنە، کەرەج، تەبرێز، مەشهەد، کیش، کرمان، یەزد، رێشت، بەندەرعەباس، عەبادان، کرماشان، ئەردەبیل، ئەسفەهان، ورمێ، قەزوین، زەنجان، ئیلام، مازەندەران هەمەدان و چەندین شاری دیکەی وڵاتەکە خۆپیشاندان بەڕێوەچووە و لە چەندین شوێنیش پێکدادان لە نێوان خوپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویداوە.

تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە تا ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا 35 کەس گیانیان لەدەستداوە کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیشیان لەنێودا بووە.

هەروەها بەشێک لە راگەیاندنەکانی ئێران، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە 11 رۆژنامەنووس و چالاکوان بە تۆمەتی پەیوەندیداربوون بە خۆپیشاندانەکانەوە، دەستگیرکراون.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس + AA