زێلینسكی: پوتن هاووڵاتیانی رووسی رووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆككۆماری ئۆكرانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، پوتن هاووڵاتیانی رووسی رووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌كاته‌وه.
ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا، رایگه‌یاند، به گوێره‌ی بڕیاره نوێیه‌كه‌ی، ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا، هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی رووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بنه‌وه.
به‌پێی فه‌رمانێكی نوێی كۆشكی كرملین، هه‌ر رووسییه‌ك له خزمه‌تی سه‌ربازی هه‌ڵبێت یان ره‌تیبكاته‌وه، ئه‌وا رووبه‌ڕووی سزای زیندانیكردن تا 10 ساڵ ده‌بێته‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (24ـی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا واژووی له‌سه‌ر فه‌رمانی چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی یاسای تایبه‌ت به خزمه‌تی سه‌ربازی له وڵاته‌كه‌ی كرد.
به‌گوێره‌ی ئه‌و فه‌رمانه‌ی پوتن، هه‌ر سه‌رباز و پله‌دارێكی سووپای رووسیا له‌كاتی خزمه‌تی سه‌ربازی و جه‌نگدا هه‌ڵبێت، دوای ده‌ستگیركردنی رووبه‌رووی لێپرسینه‌وه‌ی سه‌ربازی ده‌بێته‌وه و به 10 ساڵ زیندانیكردن سزاده‌درێت.