ئه‌ڵمانیا بۆ دابینكردنی گازی سروشتی روو له ئیمارات ده‌كات

K24: هه‌ولێر:
ئه‌ڵمانیا رێككه‌وتنامه‌یه‌كی له‌بواری دابینكردنی گازی سروشتی له‌گه‌ڵ ئیمارات واژووكرد و تاكۆتایی ئه‌مساڵ ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه (25ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ئاژانسی هه‌واڵی ئیماراتی بڵاویكرده‌وه، رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌كردنی گازی سروشتی بۆ ئه‌ڵمانیا له‌نێوان شێخ محه‌ممه‌د بن زایدی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی ئیمارات و ئۆلاف شۆڵز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا واژووكراوه.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه، كۆمپانیای پترۆڵ ئه‌بوزه‌بی نیشتمانی ئیماراتی گازی سروشتی بۆ كۆمپانیای "RWEAG"ی ئه‌ڵمانی دابینده‌كات تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 2023، بڕی 250 هه‌زار ته‌ن له مانگێكدا بۆ كارپێكردنی وێستگه‌ی برونسبوتلی ئه‌ڵمانی.
له مه‌راسیمی واژووكردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌شدا، هه‌ردوو سه‌رۆكی ئیمارات و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌یان به گرنگی ئه‌و رێككه‌وتنه كرد له بواره‌كانی ئاسایشی وزه و گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی هه‌ردوو وڵات.
ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش له‌میانه‌ی سه‌ردانی ئۆلاف شۆڵز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا دێت بۆ وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌ی وزه و توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رلین له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه.
به‌هۆی سه‌پاندنی سزاكانی وڵاتانی رۆژئاوا له‌سه‌ر مۆسكۆ به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه، رووسیا هه‌نارده‌كردنی گازی سرووشتی بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا سنوورداركردووه، سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو، به‌رپرسانی باڵای ئه‌وروپاش دووپاتیانكردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر رێگه‌چاره‌یه‌ك نه‌دۆزنه‌وه، ئه‌وا زستانێكی سه‌خت چاوه‌ڕێی هاووڵاتیانی ئه‌وروپی ده‌كات.