ئێران جارێکی دیکە سنووری سیدەکان تۆپباران دەکاتەوە

سێ رۆژە تۆپبارانی ئێران بۆ سەر دەڤەری برادۆست بەردەوامە

دیمەنێکی تۆپبارانکردنی ناوچەی سیدەکان - ئەرشیف
دیمەنێکی تۆپبارانکردنی ناوچەی سیدەکان - ئەرشیف

K24 – سۆران

ئەمڕۆ جارێکی دیکە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچە سنوورییەکانی سەر بە ناحیەی سیدەکانیان تۆباران کردەوە.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەرەکە رایگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 26ی ئەیلوولی 2022، تۆپخانەکانی ئێران تۆپبارانی چیاکانی بەربزین، سەقەر و کوێستانی هۆڕنێ-یان کردەوە.

گوتیشی: "جووتیار و رەوەندەکان کە نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بوون، لە ترسی تۆپباران ناوچەکانیان چۆڵکردووە".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "تۆپبارانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی دەڤەری برادۆست لە سنووری ناحیەی سیدەکان، بەشێوەی پچڕپجڕ و هەندێکجاریش بەچڕی بەردەوامە، لە دوو رۆژی رابردووش کوێستانی بەربزین و سنووری گوندەکانی بنپەرێز، بەنێ، بەرچیخە و بنڕەشکین لەلایەن سوپای پاسداران تۆپباران کراون، زۆربەی گوندنیشینان بەتایبەتی ژن و منداڵ بۆ سەلامەتی گیانیان هاتوونەتە سەنتەری ناحیەی سیدەکان.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتووە، بەهۆی تۆپبارانی ئێران و بۆردومانەکانی تورکیا، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا 118 گوند لە سنووری شارەدێی سیدەکان چۆڵکراون.