مامۆستایان و قوتابیانی چەند زانکۆیەکی بەناوبانگی ئیران مانیان گرت

K24 – هەولێر
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی خۆپێشاندانەکان لە ئێران، قوتابیانی چەند زانکۆیەکی ئەو وڵاتە رایانگەیاند کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە گرتنی قوتابیان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین، ماندەگرن.
قوتابیانی زانکۆکانی سەنعەتی شەریف، زەهرا، خاجە نەسیرەدینی تووسی، زانستی تاران، خارەزمی، سورە، چەمرانی ئەهواز، سەهەندی تەورێز و بوعەلی سینای هەمەدان، لەو زانکۆیانەن کە مانگرتنیان راگەیاندووە.
ئەنجوومەنی پیشەیی زانکۆی سەنعەتی شەریف، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆکەی کردووە، کاردانەوەی بەرپرسانی زانکۆی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی بە گونجاو نەزانیوە و نووسیویەتی: ئەنجوومەن داوای لە قوتابیانی زانکۆ کردووە تا ئەو کاتەی هاوپۆلەکانیان ئازادنەکرێن، لەسەر پۆلەکان ئامادە نەبن.
ئەنجوومەنەکە دەرکردنی بڕیاری بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین لە زانکۆکە بە "بێهۆکار" زانیوە و نووسیویەتی: تەنانەت ئەگەر هاوپۆلەکانیشمان ئازاد بکرێن، داوایان لێدەکەین وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو بڕیارە، لە خوێندنی ئۆنلاین بەشدار نەبن.
ئەنجوومەنی پیشەیی زانکۆی سەنعەتی شەریف، پێشتر رایگەیاندبوو کە بە هۆی بەشداری بەشێک لە قوتابیان لە ناڕەزایەتییەکدا، هێزە ئەمنییەکان "بەهەڕەمەکی و فراوانی" قوتابیانیان دەستگیرکردووە.
بە پێی راپۆرتی ئەنجوومەنەکە، خۆپێشاندانی قوتابیان گەیشتووەتە دەرگای سەرەکی زانکۆ و لەو کاتەدا هێزێکی زۆری بەسیج چوونەتە ناو خۆپێشاندەران و وێنەی قوتابیانیان گرتووە.
ئەنجوومەن و قوتابیانی زانکۆکانی دیکەش کە بەیاننامەی جیادا، هەمان داواکانی ئەنجوومەنی پیشەیی زانکۆی سەنعەتی شەریفـیان دووپاتکردووەتەوە.
