مامۆستایانی چەندین زانکۆی ئێران مانیانگرت
K24 – هەولێر
دوابەدوای خۆپێشاندان و مانگرتنی قوتابیانی زۆربەی زانکۆکانی ئێران، چەندین مامۆستای زانکۆ رایانگەیاند، ناچنە ناو پۆلەکان و هەندێکیشیان دەستیان لەکار کێشایەوە.
(لەیلا گەلەداران)، ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی زانکۆی هونەری شیراز، یەک لەو مامۆستایەنەیە کە بە وازهێنانی لە پۆستەکەی، پشتگیری خۆی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و قوتابیان راگەیاند.
رۆژانی رابردوودا، قوتابیە ناڕازییەکان داوای پاڵپشتی مامۆستایانی زانکۆیان کردبوو و (لەیلا گەلەداران) لە نامەیەکدا وەڵامی ئەو داوایەی داوەتەوە و نووسیویەتی: جگە لە ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت، ئەگەرنا تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانستی زانکۆکان بەسیجین.
بەسیج، هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە.
قوتابیانی زانکۆکانی تاران و شارەکانی دیکە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژانی رابردوودا، چەندین جار دروشمی "شەقامەکان خوێناوین، مامۆستاکان بێدەنگن"، گوتووەتەوە.
هەروەها (عەمار ئاشووری) مامۆستای کۆلێژی هونەری زانکۆی ئازادی تاران، بە نیشانەی پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، دەستی لە کار کێشایەوە.
ئەو، لە نامەیەکدا نووسیویەتی: لە رۆژانی رابردوودا بە هۆی نووسینەکانم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، لەلایەن حەراستی [ئاسایشی] زانکۆ، گوشاریان خستووەتەسەرم.
لەلایەکی دیکەوە (فەرشاد عەسکەریکیا) مامۆستای سینەمای زانکۆ سوورە، لە نامەیەکدا رایگەیاندووە کە لە پۆلەکانی زانکۆ ئامادە نابێت.
ئەو، بڵاویکردووەتەوە: ئێستا ئامادەبوونم لە پۆلەکانی وانەگووتنەوە، وەک ئەوە وایە نانی خوێناویم دەرخوارد بدەن. من توانای خواردنی ئەو نانەم نییە.
(عەلیرەزا بەحرەینی)، (شەهرام خەزائی) و (ئازین موەحەد)، سێ مامۆستای زانکۆی (سەنعەتی شەریف) رایانگەیاندووە، لە پۆلەکان ئامادە نابن.
چالاکڤانانی زانکۆی تاران رۆژی 26ـی ئەیلوول، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایان کردووە، "بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ هاتوونەتە ناو مانگرتنی قوتابیان".
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی مانگرتنی قوتابیانی زانکۆ، گردبوونەوەی ناڕەزایی لە چەندین زانکۆ و لەوانە (پەروەردی تاران)، (چەمرانی ئەهواز)، (پیشەسازی ئیسفەهان) و (پزیشکی ددانی تەورێز) بەڕێوەچوو.
قوتابیە ناڕازییەکان دووپاتیانکردووەتەوە تا کۆتایی بە گرتن و سەرکوتکردنی قوتابیان نەیەت و بڕیاری خوێندنی لە رێگەی ئۆنلاینەوە هەڵنەوەشێتەوە، واز لە مانگرتنیان ناهێنن.