خه‌زعه‌لی: سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا داوای له سه‌ركرده عێراقییه‌كان كردووه كازمی له پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی عه‌سائیب ئه‌هل حه‌قی عێراقی رایگه‌یاند، پێویسته ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا داوای لێبووردن بكات به‌هۆی ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عێراق.
له‌میانه‌ی دووه‌مین رۆژی چواره‌مین دیداری ئه‌لڕافیده‌ین كه به سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 له شاری به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خه‌زعه‌لی ئاشكرایكرد ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده عێراقییه‌كان كردووه بۆ دانانه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مه‌شی به ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌سفكرد.
هه‌رچه‌نده خه‌زعه‌لی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ناوی كازمی نه‌هێنا به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه مه‌به‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچووی عێراقه.
قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسای به رێزنه‌گرتن له هێزه سیاسییه‌كانی عێراق دانا، كه مافی ده‌ستووری و یاسایی خۆیان هه‌یه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق.
خه‌زعه‌لی كه یه‌كێكه له سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا داوای لێبوردن بكات و روونكردنه‌وه له‌باره‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ماكرۆن بۆ پشتیوانیكردن له ناوێكی دیاریكراو، بدات به‌پێچه‌وانه‌وه، له‌دوای پێكهێنانی حكومه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و فه‌ره‌نسا ده‌بێت.